رووداو دیجیتاڵ
ئەو پیاوەی مۆڵەتی سووتاندنی ئینجیل و تەوراتی لە پۆلیسی سوێد وەرگرتبوو، لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل رایگەیاند، هەرگیز نیازی نەبووە دوو پەرتووکە پیرۆزەکە بسووتێنێت و تەنیا ویستوویەتی سەرنجەکان بۆ سەر خۆی رابکێشێت تاوەکو پەیامێک لە دژی سووتاندنی قورئانی پیرۆز بگەیێنت.
ئەحمەد عەلووش رۆژی شەممە 15-7-2023 لەبەردەم باڵیۆزخانەکە لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد کۆپیێکی قورئانی پیرۆزی لە جانتاکەی هێنایە دەرەوە و گوتی "ئەگەر دەتانەوێت رەخنە لە ئیسلام بگرن، ئەوە ئاساییە،" بەڵام سووتاندنی قورئان "ئازادیی رادەربڕین نییە".
دادگەکانی سوێد پێشتر مۆڵەتی سووتاندنی پەرتووکە پیرۆزەکانیان دەدا، لەکاتێکدا هیچ دەقێکی دەستووری ئەو کارە قەدەخەناکات. عەلووش گوتی "ئەمە وەڵامێکە بۆ ئەوانەی قورئانیان سووتاند. ئازادیی رادەربڕین سنووری هەیە".
گوتیشی هەرگیز پەرتووکێکی پیرۆز ناسووتێنێت، بەڵام تەنیا ویستوویەتی ناڕەزایی لەدژی سووتاندنی قورئانی پیرۆز دەرببڕێت.
عەلووش هەروەها دانی بەوەدانا کە بڵابوونەوەی هەواڵی پلانی سووتاندنی تەورات و ئینجیل خەڵکی توڕەکردبوو، گوتیشی "ئێستا دەتوانن دڵخۆش بن".
ئەو کەسە موسڵمانە باسی لەوە کرد، خۆی لە بنەڕەتدا خەڵکی سووریایە و ماوەی هەشت ساڵە لە سوێد دەژیت.
28ـی مانگی رابردوو پەنابەرێکی عێراقی لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، دوای ئەوەی مۆڵەتی فەرمیی بۆ ئەو کارەی لە لە سوێد وەرگرتبوو، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لە وڵاتانی ئیسلامی بەدوای خۆیدا هێنا هەم لە دژی خۆی، هەم لە دژی سوێد، کە رێگەی بەو کارە داوە.
لەدوای رووداوەکەش، پۆلیسی سوێد رایگەیاند، لەسەر بنەمای پاراستنی ئازادیی رادەربڕین، رێگەی بەو کارەی سەلوانی مۆمیکای تەمەن 37 ساڵ داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ