رووداو - هەولێر
مێلانیا ترەمپ، هاوژینی دۆناڵد ترەمپ کە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکایە دەبێتە خانمی یەکەمی ئەو وڵاتە.
میلانیا، تەمەنی 46 ساڵە و لە نۆڤۆ مێستۆ لە باشووری سلۆڤینیا لە دایک بووە و، چووەتە زانکۆی لجوبلجانا لە سلۆڤانیا و دوای ساڵێک وازی لە خوێندن هێناوە.
هاوژینی ترەمپ سەرەتا پیشەی نمایشکار بووە و لە تەمەنی 16 ساڵیدا دەستی بەو کارە کردووە، پاشان لەساڵی 1996 چووەتە ئەمریکا و لە ساڵی 2001 مافی مانەوەی لەو وڵاتە پێدراوە.
دۆناڵد ترەمپ یەکێک بوو لە ملیاردێرە بەناوبانگەکانی ئەمریکا و، میلانیاش نمایشکارێکی بەناوبانگ بوو کاتێک یەکدیان ناسی و لە ساڵی 2005 بوونە هاوژینی یەکدی.
خانمی یەکەمی داهاتووی ئەمریکا جگە لەوەی بە جوانییەکەی بەناوبانگە هەروەها کەسێکی زیرەکە و پێنج زمان دەزانێت لەنێوانیان: سلۆڤینی، سربی، ئینگلیزی، فەرەنسی و ئەڵمانی و لەگەڵ ترەمپ کوڕێکیان بەناوی بارۆن هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ