د. ئازادە کیان بۆ رووداو: دیموکراسی بە بۆمب دروست نابێت

23 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
A+ A-
 
رووداو - پاریس 

د. ئازادە کیان، پڕۆفیسۆری زانکۆی پاریس و شارەزای سیاسی، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو تیشکی خستە سەر ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و رایگەیاند شەڕی ئێستا دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
 
د. ئازادە کیان ئاماژەی بەوە کرد کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی لە دەسەڵات، ئامادەیە گەل و وڵات بکاتە قوربانی و هۆشداریشی دا کە "دیموکراسی بە بۆمب دروست ناکرێت"، چونکە هێرشی سەربازی وڵات بەرەو ئاژاوەی زیاتر دەبات.
 
سەبارەت بە داهاتووی سیاسیی ئێران، د. کیان جەختی لەوە کردەوە، رژێمی ئێستا زوو یان درەنگ دەڕووخێت، چونکە لەلایەن زۆرینەی خەڵکەوە رەتکراوەتەوە. داواشی لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان کرد، بەتایبەت کورد، بەلووچ و پێکهاتەکانی دیکە، کە بە زووترین کات لەسەر بەرنامەیەکی دیموکراتیک و سیستەمێکی فیدراڵی یان هەرێمایەتی (وەک مۆدێلی ئیسپانیا) رێکبکەون. ئەو هۆشداری دا ئەگەر ئۆپۆزسیۆن یەکنەگرێت، دوای رووخانی رژێم مەترسیی سەرهەڵدانەوەی دیکتاتۆرییەتێکی نوێ لە ئارادایە. کیان رەخنەی لە ئەوروپاش گرت، کە لەبری ناوەندگیری، بەرەو ناو جەنگەکە هەنگاو دەنێت.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە
 
رووداو: سڵاوتان لێ بێت. دەمەوێت لەگەڵ پڕۆفیسۆرێکی ناسراوی ئێرانی و فەرەنسی، خاتوو ئازادە کیان، کە پڕۆفیسۆرە لە زانکۆی پاریس و کەسایەتییەکی دیارە، چەند پرسیارێکی ئاراستە بکەم لەبارەی دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. خاتوو ئازادە کیان، زۆر سوپاس بۆ ئەوەی لەگەڵماندایت. دۆخی ئێستای شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا، ئێوە کە پڕۆفیسۆرێکی شارەزا و ناودارن لە فەرەنسا، چۆن هەڵیدەسەنگێنن؟
 
د. ئازادە کیان: بڕوانن، لە پلەی یەکەمدا، بەلای منەوە ئەم جەنگە دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و لەبەر ئەم هۆیەش، بە داخەوە وا دەردەکەوێت کە لەنێو دارستانێکدا دەژین، کە ئێستا ئەو کەسانەی دەسەڵاتیان هەیە، واتە ئەو وڵاتانەی خاوەن هێزن، ئیتر بە هیچ جۆرێک رەچاوی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناکەن. بڕوانن ئەم حکومەتە ئیسلامییە لەگەڵ ئەمریکا لە دانوستاندا بوون. راستە سەرانی کۆماری ئیسلامی تێنەگەیشتوون، کە ئەو هەموو کەشتیی جەنگی و فڕۆکە و شتانەی دیکە، کە ئەمریکا هێناونیەتە ناوچەکە بۆ چ کارێکە و بەلای منەوە دەبوو ئەوان قبووڵیان بکردبا کە لە ئێراندا یۆرانیۆم نەپیتێنن، بە لایەنی کەمەوە بیانوو نەدەنە دەستی ترەمپ. قبووڵیان بکردبا، کە لەسەر مووشەکە بالیستییەکان دانوستاندن بکەن. باشە، ئەوان ئەم کارەیان نەکرد، واتە تێنەگەیشتن کە ئەم مەترسییە چییە، بەڵام ئەمەش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە هیچ شێوەیەک رێگە بە ئەمریکا و ئیسرائیل نادات بێن و ئێران بۆردوومان بکەن.
 
رووداو: بەڵام ئێستا دۆخەکە ئاڵۆز بووە، چەندین کەسایەتیی سیاسی و رێبەری ئێران کوژران. ئێستا ئێوە چ سیناریۆیەکتان بۆ ئێران داناوە؟ ئایا ئێستا ئێران دەیەوێت بەم شێوەیە بمێنێتەوە، گۆڕانکاری لە دەسەڵاتیاندا دەکەن و رەنگە رازی بن، رەزامەند بن بچنە سەر مێزی دانوستاندن، یان دەڵێن ئەوان بەردەوام دەبن لە شەڕەکە؟ شەڕەکە چەندێک دەخایەنێت؟
 
د. ئازادە کیان: بڕوانن، سەرەتا دەمەوێت بڵێم کە ئەو کەسانەی کوژراون، تەنانەت ئایەتوڵڵا خامنەییش پێشتر بیری لەوە کردبووەوە، کە لەوانەیە بکوژرێت، لەبەر ئەمەش هەموو دەسەڵاتەکانی سپاردووەتە بەڕێز عەلی لاریجانی، کە بەرپرسی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییە. لە لایەکی دیکەوە، عەلی خامنەیی پیر بوو، نەخۆش بوو، بە هەر حاڵ ئەگەری مردنی سروشتیی زۆر زۆر بوو. فەرماندەکانی دیکەی سوپا و ئەرتەشیش کە کوژراون، ئەوانەن کە لە مانگی حوزەیران، دوای ئەوەی فەرماندەکانی پێشوو کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژران، زۆربەیان هاتبوونە سەر کار. ئەمانە تا رادەیەک ئەم شتانەیان پێشبینیی کردبوو، بەڵام بەلای منەوە رێژیمی کۆماری ئیسلامی هێشتا بە رادەی پێویست مووشەکی بالیستی و مووشەکی دیکەی لەژێر دەستدایە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش دروست دەکەن، بۆ ئەوەی بتوانن هێشتا چەندین هەفتە بەرامبەر بەمە بەرەنگاری بکەن. لە لایەکی دیکەوە، دەبینن کە شەڕەکە فراوان دەکەن، واتە دەڵێن باشە ئێوە هێرش دەکەنە سەرمان، ئێمەش هێرش دەکەینە سەر بنکە سەربازییەکانی ئێوە لە ناوچەکە و ئامانجیان ئەوەیە چەندین سەربازی ئەمریکی زیاتر بکوژن، بۆ ئەوەی ترەمپ ناچار بێت کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت. من وا بیر دەکەمەوە یەکێک لە هۆکارەکان ئەمەیە. 
 
بە هەر حاڵ، بە داخەوە لەم نێوانەدا خەڵکی ئاساییش لە ئێران و لە وڵاتانی ناوچەکەدا دەکوژرێن و کۆماری ئیسلامی دەیەوێت بە هەر شێوەیەک بێت لەسەر کار بمێنێتەوە، واتە ئەوان دەسەڵات لەدەست نادەن. بڕوانن حکومەتی ئیسلامی حکومەتێکە، کە لەم مانگی کانوونی دووەمەدا هەزاران هەزار خەڵکی بێبەرگریی وڵاتی خۆی لەنێو برد، کە لە شەقامەکاندا خۆپیشاندانیان دەکرد. ئێستا بڕوانن، ئەم رێژیمە ئامادە نییە لە بەرامبەر مووشەکەکانی ئیسرائیل و ئەمریکادا مل بدات و بۆی گرنگ نییە کە ئێران وێران بێت و خەڵکی ئێران بکوژرێن. ئەوان بە داخەوە شەڕەکە بەردەوام دەکەن. 
 
من زۆر بە داخەوەم، کە ئەورووپا لەبری ئەوەی ناوەندگیری بکات و داوای کۆتاییهاتنی شەڕەکە بکات، ئێستا خۆی رایگەیاندووە، کە دەیەوێت بە جۆرێک بێتە ناو جەنگەکە و ئەمە بۆ من زۆر خەمناک و مەترسیدارە، چونکە من زۆر باوەڕم بەو بەهایانەیە، کە ئەورووپا خۆی بەرانبەریان بە پابەند دەزانێت، منیش خۆم باوەڕم پێیان هەیە و وا بیر دەکەمەوە، کە لە رووی نێودەوڵەتیشەوە دەبێت هەموو کارێک بکەین، بۆ ئەوەی ئەم شەڕە کۆتایی بێت. رێژیمی کۆماری ئیسلامی رێژیمێکە لەلایەن خەڵکەکەیەوە رەتکراوەتەوە و خەڵک داوای تێپەڕاندنی کۆماری ئیسلامی و گەیشتن بە سیستەمێکی دیموکراتیک دەکەن، بەڵام ئەمە دەبێت خودی خەڵکی ئێران، هەموو نەتەوەکانی ئێران، پێکەوە کۆ ببنەوە و ئەم کارە بکەن. جا ئەو شتەی من گوتم ئەوەیە دیموکراسی لە رێگەی بۆمبەوە دروست ناکرێت و دەکرێت وڵات زیاتر لە جاران بباتە ناو ئاژاوەوە.
 
رووداو: ئەگەر باسی دوای ئەم رژێمەش بکەین، دوای شەڕ بکەین، زۆربەی زۆری ئۆپۆزسیۆنەکان مافی پێکهاتەکان نادەن. مافی پێکهاتەکان چییان بەسەر دێت؟ ئەگەر بڵێین بە هێز و توانای هەموو لایەنەکان گۆڕانکاری لە حوکمڕانیی ئێراندا بکرێت، ئێوە پێشبینیی ئەوە چۆن دەکەن؟
 
د. ئازادە کیان: ئێستا ئێمە لە قۆناغێکی مێژوویی زۆر مەترسیدارداین، واتە دەبێت ئۆپۆزسیۆن زووتر کۆببنەوە. گرووپە جیاوازەکانی ئۆپۆزسیۆن، هەر وەک گوتمان، ئەو کەسانەی کوردن، واتە حیزبە سیاسییە کوردییەکان، حیزبە سیاسییە بەلووچەکان، تورکمانەکان، تورکەکان و فارسەکان، دەبێت ئەوانە کۆببنەوە و بتوانن لەسەر بنەمای کەمترین داواکارییەکانی خۆیان بەرنامەیەک دابنێن بۆ ئەو گواستنەوەیە، گواستنەوەیەکی ئاشتییانە لە کۆماری ئیسلامییەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بگەین بە دۆخێک، کە لەو کاتەدا خەڵکی ئێران بتوانن لە رێگەی دیمۆکراتیەوە بە راستی داهاتووی خۆیان بە دەنگدان دیاری بکەن. جا ئەگەر ئەم کارە نەکرێت، بەلای منەوە ئێمە ناتوانین داوای ئەوە بکەین، یان تەنانەت چاوەڕێی ئەوە بکەین ئێران داهاتوویەکی ئومێدبەخش بەدەست بێنێت.
 
بە داخەوە دەبینن بەشێک لە ئۆپۆزسیۆن هەر ئامادە نین بێنە لای گرووپە نەتەوەییەکان و خێرا تاوانی جوداخوازییان دەدەنە پاڵ، لە کاتێکدایە ئەوان خۆیان، بۆ نموونە کوردەکان، رێکخراوە کوردییەکان روونیان کردووەتەوە، کە ئێمە جوداخواز نین، ئێمە داوای ئێرانێکی دیموکراتیک دەکەین و دەبێت لە چوارچێوەی ئەو ئێرانە دیموکراتیکەدا بڕیار بدرێت، ئایا ئەو سیستمەی کە زیاتر شایستەیە، سیستەمی فیدراڵییە، من وا بیر دەکەمەوە کە سیستەمی هەرێمایەتییش (Regionalism) دەکرێت ببێت، وەک ئیسپانیا بۆ نموونە، بۆ ئەوەی ئەو خەڵکانەی لەو هەرێمانەدا دەژین، لەو بەشانەدا دەژین، بتوانن خۆیان بۆ داهاتووی خۆیان بڕیار بدەن. یەکێک لە داواکارییەکان، بۆ نموونە خوێندن بە زمانی دایکییە، یەکێکی دیکە ئەوەیە کە لە رووی کارگێڕییەوە بتوانن خۆیان بەڕێوەببەن، نەک ئەوەی کە لە ناوەندەوە کەسانێک بنێرن بۆیان. 
 
بۆ ئەوەی بتوانین کۆتایی بەو چەوسانەوانە، بەو جیاکارییە بهێنین، کە دژی خەڵکی ئێران و بەتایبەتی گرووپە نەتەوەییەکان هەیە، کە بەسەریاندا جێبەجێ دەکرێت، نەک تەنیا لەژێر دەستی ئەم حکومەتەدا، بەڵکو لە سەردەمی حوکمی پەهلەویشەوە تا ئێستا و هەموو ئێرانییەک بە هاووڵاتی و بە مافە یەکسانەکانییەوە هەژمار بکرێت. بۆ ئەمە، ئێمە بە راستی پێویستمان بەوەیە پێکەوە کۆببینەوە و لە راستیدا هاوپەیمانێتییەک دروست ببێت، کە ئێستا بتوانین هەر هیچ نەبێت بگەینە داهاتوویەکی روونتر. ئەگەر ئەم کارە نەکرێت، تەنانەت ئەگەر بەهۆی بۆردوومانەکانەوە ئەم رێژیمە بڕووخێت، ئێمە چی بەدەست دەهێنین؟ چی بەدەست دەهێنین؟ جارێکی دیکە حکومەتێکی دیکتاتۆری یان سوپایەک دێت دەسەڵات دەگرێتە دەست لە ئێراندا و دووبارە هەموو ئەو خەڵکانەی کە قسەمان لەسەریان کرد، دیسانەوە دەخاتە ژێر سەرکوتکردنەوە.
 
رووداو: دواین پرسیارم ئەوەیە: ئایا باوەڕت وایە ئەمجارە بە راستی گۆڕانکاری لە حوکمڕانیی ئێراندا دەکرێت؟ واتە ئەم حکومەتە دەڕووخێت و یەکێکی دیکە دێتە سەر حوکم؟ باوەڕت وایە؟
 
د. ئازادە کیان: من نەمگوتووە زوو دێتە سەر کار. وا بیر دەکەمەوە پێویستی بە کات هەیە. بیر ناکەمەوە حکومەتی ئیسلامی بەم زووانە بڕووخێت، لەبەر ئەمەش، دەرفەت بۆ گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن هەیە بتوانن بە خێرایی کۆببنەوە، بەرنامە بنووسن، بەرنامەیەکی دیموکراتیک لەسەر بنەمای کەمترین داخوازییەکانیان بۆ داهاتوویەکی روونتر بنووسن. جا ئەم رێژیمە دەڕووخێت، زوو یان درەنگ دەڕووخێت، نەک بەهۆی بۆمبەکانەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی زۆرینەی خەڵکی ئێران ئەم رێژیمەیان ناوێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە