لە نێو کۆشکی سپیدا، مەسک و وەزیری خەزێنەی ئەمریکا لە یەکدییان داوە

10-06-2025
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری خەزێنەی ئەمریکا و دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان، لە نێو کۆشکی سپی تووشی دەمەقاڵە بوون و لە یەکدیان داوە و بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ لە یەکدییان جیاکردوونەتەوە.
 
بەرپرسێکی نزیک لە ئیدارەی ترەمپ کە بەشداری کۆبوونەوەیەکی حکومەتی کردووە ئاشکرایکرد، ئیلۆن مەسک، خاوەن کۆمپانیای تێسلا و سپەیس ئێکس لەگەڵ سکۆت بیسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا لە نێو کۆشکی سپیدا دەمەقاڵەیان بووە کە دواجار گەیشتووەتە لێدانی یەکدی.
 
کۆبوونەوەکە لە مانگی نیساندا کراوە و تێیدا بیسێنت، مەسکی بە " فێڵباز" و درۆزن وەسفکردووە، سەبارەت بە ترلیۆنێک دۆلار بڕیار بوو مەسک وەک بەڵێنی دابوو لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکەی ژێر دەستی، لە خەرجییە فیدراڵییەکان بگەڕێنێتەوە بۆ نێو خەزێنەی دەوڵەت. سکۆت بیسێنت بە مەسکی گوتووە "تۆ کەسێکی فێڵباز و درۆزنیت و بەڵێنەکەت نەبردە سەر".
 
بە گوتەی سەرچاوەکە؛ مەسک بە قسە وەڵامی بیسێنتی نەداوەتەوە، بەڵکو بە تووندی "بە شانی راستی لە سنگی وەزیری گەنجینەی ئەمریکای داوە" لە وەڵامی ئەو کارەی مەسک، بیسێنت بۆکسێک لە مەسک دەدات و ئێخەی یەکدی دەگرن، بەر لەوەی لەلایەن بەشداربووانی کۆبوونەکەوە لە یەکدی جیا بکرێنەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا ترەمپ ئامادە نەبووە و کاتێک هەواڵی شەڕەکەی پێدەگەیێنن، دەڵێت" بە راستی ئەوە زۆرە".
 
مەسک بە فەرمانێکی تایبەتی سەرۆکایەتیی ترەمپ پۆستێکی بۆ داتاشرا بە ناوی "فەرمانگەی کارامەیی حکومەت" ئەرکەکەی گەڕانە بە دوای خەرجی زیادەی دامەزراوە فیدراڵییەکان و وشککردنی سەرچاوەی گەندەڵی کە بەشێکی بەرچاوی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتی ترەمپ بوو.
لە کۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ، مەسک لەو ئەرکە کشایەوە و کۆتایی بەو فەرمانگەیە هێنرا.
 
هەندێ بەرپرسی نێو ئیدارەی ترەمپ، مەسک بە لووتبەرز و بێ ئەزموون لە کاروباری حکومەت ناو دەەبن و لە چەند مانگی کارکردنی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ رووبەڕووی چەندین رەخنەی بەرپرسانی فیدراڵی بووەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە