رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، قەیرانی غاز لە جیهاندا سەری هەڵداوە و بەتایبەتی کاریگەرییەکی تووندی لەسەر هیندستان داناوە.
هیندستان رووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی دابینکردنی گازی شل (LPG)ـدا بووەتەوە، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی بێوێنەی نرخ و ترس و دڵەڕاوکێیەکی بەرفراوانی لەنێو هاووڵاتییان و کەرتی بازرگانیدا دروست کردوە . ئەم دۆخە نائاساییە لە بازاڕەکانی وزەی جیهاندا، کە بەهۆی پچڕانی یەکێک لە ستراتیژیترین رێڕەوەکانی گواستنەوەی نەوت و گازەوە هاتووەتە ئاراوە، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی رۆژانەی ملیۆنان کەس لە هیندستان داناوە.
ئەم دۆخە وایکردووە نرخی یەک بوتڵ گازی شل لە بازاڕی رەشی هیندستان بگاتە هەزار و 500 روپیە، کە بەرامبەرە بە 18 دۆلاری ئەمریکی و چەندین هێندەی نرخی فەرمیی خۆیەتی.
کاریگەرییەکانی ئەم قەیرانە تەنیا لەسەر هاووڵاتییان نییە، بەڵکو کەرتی بازرگانی، بەتایبەتی چێشتخانەکانیش، لەژێر هەڕەشەدان. هیندستان بەشێکی زۆری گازی شلی پێویست لە رێگەی هاوردەکردنەوە دابین دەکات، پچڕانی گواستنەوەش لە تەنگەی هورمزەوە گوشارێکی گەورەی خستووەتە سەر دابینکردنی ئەو گازە.
وەزارەتی نەوت و گازی سرووشتیی هیندستان رایدەگەیێنێت، فەرمانی بە پاڵاوگە نەوتییەکان کردووە لە دابینکردنی گازی شلدا پێشینە بدەنە بەکارهێنانی ناوماڵ، کە نزیکەی 330 ملیۆن خێزان دەگرێتەوە. لە بەرامبەردا، دابینکردن بۆ زیاتر لە سێ ملیۆن دامەزراوەی بازرگانی، وەک چێشتخانە و هۆتێلەکان، کەمکراوەتەوە.
کۆمەڵەی نیشتمانیی چێشتخانەکانی هیندستان (NRAI)، دۆخەکەی بە "قەیراناوی" وەسف کرد و هۆشداریدا کە کەمکردنەوەی دابینکردنی گاز دەتوانێت لە چەند رۆژی داهاتوودا ببێتە هۆی داخستنی ژمارەیەکی زۆر لە چێشتخانەکان و لەدەستدانی ملیۆنان هەلی کار. بەپێی ئامارەکان، نزیکەی 90٪ـی چێشتخانەکانی هیندستان بە تەواوی پشت بە بوتڵی گازی شل دەبەستن.
هیندستان، وەک دووەم گەورەترین هاوردەکاری گازی شل لە جیهاندا پشت بە بازاڕە جیهانییەکان دەبەستێت. ئەو وڵاتە تەنیا دەتوانێت نزیکەی 41٪ـی خواستە ساڵانەکەی، کە دەکاتە 31.3 ملیۆن تۆن، لە ناوخۆدا پڕبکاتەوە. ئەمەش وا دەکات هیندستان زۆر لاواز بێت بەرامبەر بە روودانی هەر ناجێگیرییەک لە رێڕەوە دەریاییە نێودەوڵەتییەکاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ