رووداو - پەکین
چین کە گەورەترین هاوردەکاری وزەیە لە جیهاندا، ئێستا بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمزەوە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە. نرخی سووتەمەنی لەو وڵاتە بەرزبووەتەوە و شۆفێران دەڵێن، تێچووەکانیان زیادی کردووە، بەڵام پەکین پشت بە یەدەگە ستراتیژییەکانی دەبەستێت.
چین رۆژانە نیوەی نەوتی خۆی کە دەکاتە زیاتر لە 6 ملیۆن بەرمیل، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هاوردە دەکات. دوای گرژییەکان و داخستنی تەنگەی هورمز، کاریگەرییەکان راستەوخۆ گەیشتوونەتە پەکین و نرخی هەر لیترێک سووتەمەنی بە بڕی 0.1 دۆلار بەرزبووەتەوە.
لی شو رێن، شۆفێرێکی چینییە و گلەیی لە گرانبوونی نەوت دەکات: "نرخی لیترێک نەوت 50 سەنت بەرزبووەتەوە و تاڕادەیەک کەمیشە. پڕکردنی تانکییەک نزیکەی 40 یوان زیاتری دەوێت؛ من بەزۆری تەنیا نیو تانکی پڕ دەکەمەوە."
وو لیان زو، کە کاری شۆردنی فەرش و پەردە دەکات و رۆژانە بە ئۆتۆمبێل سەردانی کڕیارەکانی دەکات، دەڵێت: "ئەمڕۆ کە چوومە بەنزینخانە، نرخەکەی نزیکەی دوو یوان زیادی کردبوو؛ بە هەمان بڕە پارەی جاران، نیو بار کەمتر نەوتی تێکرا. هەر جارێک دەچمە دەرەوە تێچووی کارەکەم زیاد دەکات، بەڵام کڕیارەکان ئامادەنین پارەی زیاتر بدەن و دەبێت خۆمان تێچووەکە لەئەستۆ بگرین، ئەمەش دڵخۆشکەر نییە."
پەکین روو لە رووسیا و ئەفریقا دەکات
لە بەرامبەر ئەم قەیرانەدا، چین پشت بە یەدەگێکی ستراتیژیی گەورە دەبەستێت کە قەبارەکەی ملیارێک و 300 ملیۆن بەرمیل نەوتی کۆگاکراوە؛ ئەمەش دەتوانێت بۆ ماوەی سێ مانگ هاوسەنگیی بازاڕ بپارێزێت.
هاوکات پەکین بەخێرایی رووی لە دابینکەرانی جێگرەوە کردووە و وڵاتانی ئۆراسیا، رووسیا و ئەفریقای بۆ جێگرەوەی نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵبژاردووە، هەرچەندە تێچووەکەی لەسەری گرانتر دەکەوێت.
وانگ یۆنگ، هاووڵاتییەکی چینییە و پێیوایە وڵاتەکەی دەتوانێت رووبەڕووی ئەم قەیرانە ببێتەوە: "زیادبوونی نرخەکان دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەوساندنەوەی ئەمریکا بۆ ئێران. لەکاتێکدا ئەمە کاریگەریی لەسەر نرخی نەوتی نێوخۆی چین هەیە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی هێزی وڵاتەکەمان، ئەمە کێشە نییە و بە دڵنیاییەوە حکومەت پلانی بەدیلی هەیە."
وزەی خاوێن؛ چارەسەری ستراتیژیی چین
سەرەڕای پشتبەستنی بە نەوت، چین هەنگاوی گەورەی بۆ بەکارهێنانی وزەی جێگرەوە ناوە. نزیکەی 40%ـی کارەبای چین لە سەرچاوەی وزەی پاکەوە بەرهەم دەهێندرێت. هەروەها چین گەورەترین بەرهەمهێنەری وزەی خاوێنە لە جیهاندا و توانای بەرهەمهێنانی (1.2) تێراوات کارەبای هەیە.
لە شەقامەکانی چیندا نزیکەی 36 ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی هەن، کە دەکاتە 10%ی کۆی ئۆتۆمبێلەکانی وڵاتەکە. بەرپرسانی چین پێیانوایە فراوانکردنی وێستگەکانی بارگاویکردن و زیادکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، وادەکات وڵاتەکەیان کەمتر پشت بە نەوتی هاوردەکراو ببەستێت و ئابوورییەکەیان لە قەیرانە کتوپڕەکانی وزە بپارێزێت.
بەڵام سەرەڕای ئەم ئامادەکارییانە، شارەزایانی ئابووری هۆشداری دەدەن ئەگەر داخستنی گەرووی هورمز، کە 20%ـی کۆی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت درێژە بکێشێت، زیانی گەورە بە پیشەسازیی چین و ئابووریی وڵاتانی ئاسیا دەگەیێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ