رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی چین هۆشداری دەداتە وڵاتانی ئەورووپا و داوایان لێدەکات رێگری بکەن لە پێدانی ڤیزا بە بەرپرسانی باڵای تایوان؛ پەکین ئەم هەنگاوە بە "دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی" خۆی دەزانێت و دەیەوێت تایوان زیاتر گۆشەگیر بکات.
وەزارەتی دەرەوەی چین پەیامی هۆشداریی ئاراستەی چەند وڵاتێکی ئەورووپی کردووە، لەوانە بەلجیکا، فەرەنسا و کۆماری چیک، تاوەکو رێگە نەدەن بەرپرسانی سیاسیی تایوان سەردانی وڵاتەکانیان بکەن.
پەکین جەخت لەسەر پرەنسیپی "یەک چین" دەکاتەوە و رایگەیاندووە، هەر جۆرە پێشوازییەک لە بەرپرسانی تایوان، وەک پشتیوانیکردن لە "بزووتنەوە جوداخوازەکان" دەبیندرێت.
ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رۆژى سێشەممە لەمبارەیەوە گوتی، "پێویستە وڵاتانی ئەورووپا پابەندی بەڵێنە دیپلۆماسییەکانیان بن و رێگە نەدەن تایوان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت."
شارەزایانی سیاسی پێیانوایە، چین دەیەوێت لە رێگەی بڕینی ڤیزاوە، رێگری لە هەر جوڵەیەکی دیپلۆماسیی تایوان بگرێت، کە ببێتە هۆی بەدەستهێنانی شەرعییەتی زیاتر لە کیشوەری ئەورووپادا.
گوشارەکانی پەکین وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپای لە نێوان پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و داکۆکیکردن لە پرەنسیپەکانی دیموکراسی دابەشکردووە.
لەکاتێکدا وڵاتانی وەک کۆماری چیک و لیتوانیا ئامادەیی خۆیان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ تایوان نیشانداوە، بەڵام وڵاتە گەورەکانی وەک ئەڵمانیا و فەرەنسا بەهۆی ترس لە هەڵگیرسانی جەنگی بازرگانی، بە وریاییەکی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ چین دەکەن.
لە ساڵی 2024ـەوە و دوای هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ لە تایوان کە پەکین بە "جوداخواز" ناوی دەبات، گرژییەکان گەیشتوونەتە لوتکە. چین تایوان بە بەشێکی دانەبڕاو لە خاکەکەی دەزانێت و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی کردووە بۆ گەڕاندنەوەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ