رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسان و کەسانی ئاگادار لە دۆخەکە بۆ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، دۆناڵد ترەمپ و راوێژکارەکانی خەریکی لێکۆڵینەوەن لە دەستپێکردنەوەی هێرشی سەربازیی سنووردار بۆ سەر ئێران، ئەمە جگە لەو گەمارۆ دەریاییەی ئەمریکا دەیخاتە سەر تەنگەی هورمز، وەک رێگەیەک بۆ شکاندنی ئەو بنبەستەی لە دانوستاندنەکانی ئاشتیدا دروست بووە.
ئەمە یەکێکە لەو بژاردانەی کە ترەمپ رۆژی یەکشەممە، تەنیا چەند کاژێرێک دوای شکستی دانوستاندنەکان لە پاکستان، تاوتوێی کردووە. بەرپرسان دەڵێن، ترەمپ دەکرێ هەڵمەتێکی بۆردوومانکردنی سەرتاسەرییش دەستپێبکاتەوە، هەرچەندە ئەوەیان بە ئەگەرێکی کەمتر دەبینن بەهۆی ئەگەری ناسەقامگیرکردنی زیاتری ناوچەکە و بێزاریی ترەمپ خۆی لە جەنگی درێژخایەن. هەروەها رەنگە هەوڵی گەمارۆیەکی کاتی بدات تاوەکو گوشار لە هاوپەیمانەکانی بکات لە داهاتوودا بەرپرسیارێتیی پاراستنی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز بگرنە ئەستۆ.
دوای شکستی گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان، ترەمپ زۆربەی کاتی رۆژی یەکشەممەی لە هاوینەهەوارەکەی لە فلۆریدا بەسەربرد، لەوێ پەیوەندی بە بەرنامەیەکی فۆکس نیوزەوە کرد، یاریی گۆڵفی کرد و لەگەڵ راوێژکارەکانی قسەی کرد. یاریدەدەرەکانی دەڵێن، ترەمپ هێشتا بۆ چارەسەری دیپلۆماسی کراوەیە، هەرچەندە بەڵێنی گەمارۆدانی داوە و هەڕەشەی لێدانی ژێرخانی ئێرانی کردووەتەوە.
ئۆلیڤیا وەیڵز، گوتەبێژی کۆشکی سپی، ئامادە نەبوو باسی بژاردە دیاریکراوەکانی ترەمپ بکات و بە وۆڵ ستریت جۆرناڵی گوت، "سەرۆک پێشتر فەرمانی گەمارۆی دەریایی بۆ سەر تەنگەی هورمز داوە بۆ کۆتاییهێنان بە تەڵەکەبازییەکانی ئێران و بە ژیرییەوە هەموو بژاردەکانی دیکەی لەسەر مێزەکە هێشتوونەتەوە. هەر کەسێک بە وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت دەزانێت سەرۆک ترەمپ دواتر چی دەکات، تەنیا لێکدانەوە دەکات."
ترەمپ دەڵێ، ئێران دەیەوێ بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن. رەزا ئەمیری موقەدەم، ئەندامی باڵای شاندی ئێرانی لە دانوستاندنەکان و لە سۆشیاڵ میدیا نووسیویەتی: "گفتوگۆکانی ئیسلامئاباد بناخەی پڕۆسەیەکی دیپلۆماسییان دانا کە ئەگەر متمانە و ویست بەهێز بکرێن، دەتوانرێ چوارچێوەیەکی بەردەوام بۆ بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکان دروست بکات."
بەرپرسانی ئەمریکا هێڵە سوورەکانی ترەمپیان لە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران دیاریکردووە کە بریتین لە کردنەوەی تەواوەتیی تەنگەی هورمز بێ وەرگرتنی باج، راگرتنی هەموو جۆرە پیتاندنێکی یۆرانیۆم و لابردنی دامەزراوەکانی پیتاندن، رادەستکردنی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە، قبووڵکردنی چوارچێوەیەکی ئەمنیی فراوانتر کە هاوپەیمانە ناوچەییەکان بگرێتەوە، کۆتاییهێنان بە دابینکردنی دارایی بۆ گرووپە بەوەکالەتەکانی وەک حیزبوڵڵا لە لوبنان و حوسییەکان لە یەمەن.
گفتوگۆکانی پاکستان کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە لایەنی ئەمریکییەوە سەرپەرشتی دەکردن، دوای ئەوە شکستیان هێنا کە ئێران رەتیکردەوە دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت. ترەمپ دەڵێ، رێگریکردن لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی فاکتەرێکی سەرەکی بوو لەوەی جەنگەکەی دەستپێکرد.
بەرپرسانی ئەمریکا و کەسانی نزیک لە ئیدارەکە دەڵێن، هەر بژاردەیەک کە ترەمپ هەڵیبژێرێت، مەترسیی گەورەی لەگەڵە. دەسپێکردنەوەی جەنگی سەرتاسەری دەبێتە هۆی نەمانی چەک و تەقەمەنییە گرنگەکانی ئەمریکا و ترەمپ رووبەڕووی ناڕەزایەتیی ئەو دەنگدەرانە دەکاتەوە کە گومانیان لە جەنگەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە. لە لایەکی دیکەوە، کەمکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە کاتێکدا ئێران هێشتا خواستە ئەتۆمییەکانی و کۆنترۆڵی تەنگەکەی لەدەست مابێت، وەک سەرکەوتن بۆ تاران دەبینرێت.
هەندێک بەرپرس و شرۆڤەکار ستایشی بڕیارەکەی ترەمپیان کرد بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر تەنگەکەدا وەک باشترین بژاردەی بەردەست. نزیکەی نیوەی داهاتی حکومەتی ئێران لە نەوت و گازەوەیە. گەمارۆیەکی سەرکەوتوو هەناردەی نەوتی ئێران دەخنکێنێت، کە بزوێنەری ئابوورییەکەیەتی و بە هاوپەیمانانی ئەمریکا و بازاڕە دڵەراوکێکانی وزە دەسەلمێنێت کە تاران ناتوانێت تەنگەکە وەک بارمتە بەکاربێنێت.
ماتیۆ کرۆنیگ، بەرپرسێکی پێشووی پێنتاگۆن کە ئێستا لە ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیکە، بە وۆڵ ستریت جۆرناڵی گوت، "ئێمە بینیمان ستراتیژیی گەمارۆدان لە ڤەنزوێلا سەرکەوتوو بوو. ترەمپ دەرفەتی هەیە دووبارەی بکاتەوە. ئەمە رێگەیەکە بۆ زیادکردنی گوشارەکان و خستنی رژێمەکە نێو هەڵبژاردنی قورسەوە."
بەڵام گەمارۆدانیش کێشەی خۆی هەیە. حکومەتی ئێران تاوەکو ئێستا بۆ گوشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا سەری دانەنواندووە. بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن کەشتییە جەنگییەکان کە لە تەنگە تەسکەکەدا و لە نزیک کەناراوەکانی ئێران کار دەکەن، رەنگە رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی ببنەوە بەبێ ئەوەی کاتی پێویستیان بۆ وەڵامدانەوە هەبێت.
ترەمپ لە کاتی جەنگەکەدا چەندین جار هەڵوێستی خۆی گۆڕی. سەرۆکی ئەمریکا لە ژێر گوشاری ئەو هاوپەیمانانەدایە کە هەست بە کاریگەریی داخستنی ئەو رێڕەوە دەکەن کە 20٪ی نەوتی جیهانی لێوە تێدەپەڕێ. ترەمپ لە نێوخۆش رووبەڕووی ناڕەزایەتی دەبێتەوە و دانی بەوەدا ناوە کە رەنگە نرخی بەنزین بە بەرزی بمێنێتەوە، کە ئەمەش بۆ کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی نیوەی کۆنگرێسدا مەترسییە.
جەنگێکی درێژخایەن نیگەرانییەکانی راوێژکارانی ترەمپ، هاوپەیمان، کۆمپانیا و ناوەندە بازرگانییەکانیش لەبارەی تێچووی ئابووری و نرخی وزە زیاتر دەکات. ستیڤ موور، راوێژکاری ئابووریی ترەمپ بە وۆڵ ستریتی راگەیاند: "ئامۆژگاریی من بۆ ستافی کۆشکی سپی ئەوەیە بە هەر تێچوویەک بێت و دەستبەجێ تەنگەکە بپارێزن، چونکە ئەمە بابەتێکی ئاسایشی نیشتمانی و جیهانییە. ئێمە هێزی پاراستنی بازرگانیی نێودەوڵەتیمان هەیە و دەبێت بەکاریبهێنین، ئەگەرنا ئابووریی جیهان تووشی سستبوونێکی گەورە دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ