رووداو دیجیتاڵ
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێ، ئۆپەراسیۆنی (توڕەیی داستانئاسا) دژی ئێران کۆتاییهاتووە و واشنتن ئێستا لە رێگەی دانوستاندنەوە کار بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز دەکات؛ ئاماژەی بەوەش دەکات کە ململانێی سەربازی جێگەی خۆی بۆ دیپلۆماسی چۆڵ کردووە.
دانوستاندن لەگەڵ تاران
جۆنسن تیشکی خستە سەر ئاڵۆزییەکانی پڕۆسەی دانوستاندن لەگەڵ ئێران و گوتی: "ئێستا هیچ جۆرە کردەیەکی سەربازی لە ئارادا نییە. سەختییەکە لەوەدایە کە دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی لەگەڵ لایەنی دروست دانوستاندن دەکەین. بەهۆی ئەوەی چینە باڵاکانی سەرکردایەتیی ئێران لەنێوبراون، کاتی دەوێ تاوەکو دڵنیابینەوە لەوەی کەسی خاوەن دەسەڵات لەسەر مێزی گفتوگۆیە."
کۆدەنگیی نێودەوڵەتی و رۆڵی چین
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ئاماژەی بە "کۆدەنگیی وڵاتان" کرد بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی کەشتیوانی و گوتی: "هاوپەیمانەکانمان، دراوسێکان و تەنانەت چینیش کە سەرۆک ترەمپ لەم چەند رۆژەی رابردوودا گفتوگۆی لەگەڵ کردن، هەمووان بەرژەوەندییان لەوەدایە تەنگەی هورمز بۆ کاری بازرگانی بکرێتەوە."
جۆنسن راشیگەیاند کە پێویست ناکات کۆنگرێس رێگری لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئیدارەی ترەمپ بکات، چونکە ئێستا مژارەکە دانوستاندنە نەک جەنگ.
ئاسایشی تایوان و پیشەسازیی چیپ
سەبارەت بە ئەنجامی دیدارەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ و شی جینپینگ لە پەکین، جۆنسن گوتی کە سەرۆک کۆبوونەوەیەکی "زۆر بەرهەمدار"ی هەبووە.
جۆنسن جەختی لە هەڵوێستی روونی ئەمریکا بەرامبەر تایوان کردەوە و رایگەیاند: "پێویستە تایوان بە سەربەخۆیی و پارێزراوی بمێنێتەوە. ئێمە و هەموو جیهان بەرژەوەندیمان لەوەدایە، ئەوەش بەهۆی بەرهەمهێنانی چیپ و هۆکاری ستراتیژیی دیکە؛ دڵنیام لە چین باسی ئەمە کراوە."
لە کۆتایی قسەکانیدا، مایک جۆنسن ئاماژەی بەوە کرد کە چاوەڕوانی بینینی سەرۆک ترەمپ دەکات دوای گەڕانەوەی لە چین، تاوەکو بە وردی و بە درێژی باسی نێوەڕۆکی رێککەوتن و گفتوگۆکان بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ