رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی چین رایدەگەیێنێت، جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران زیانی گەورەی بە گەلانی ناوچەکە و ئابووریی جیهان گەیاندووە و دەبێت بە زووترین کات ئاگربەستێکی گشتگیر و بەردەوام رابگەیێندرێت؛ جەختیش دەکاتەوە کە "چارەسەری سەربازی رێگەی دەرچوون نییە."
رۆژی هەینی، 15ی ئایاری 2026، وەزارەتی دەرەوەی چین لە راگەیێندراوێکدا تیشکی خستە سەر هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر بە ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رایگەیاند: "ئەم جەنگە کاریگەریی تووندی لەسەر گەشەی ئابووریی جیهان، رەوتی دابینکردنی کاڵاکان و سەقامگیریی بازاڕی وزە هەبووە، کە ئەمەش زیان بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگەیەنێت."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەم جەنگە، کە هەر لە بنەڕەتەوە نەدەبوو رووبدات، هیچ پاساوێک بۆ بەردەوامبوونی نییە. دۆزینەوەی چارەسەرێک لە زووترین کاتدا لە بەرژەوەندیی ئەمریکا، ئێران و هەموو وڵاتانی جیهاندایە."
رۆژی 28ی شوباتی ئەم ساڵ، سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران، لە بەرامبەردا تاران هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێی. لە دووەم رۆژی جەنگەکەدا، ئێران تەنگەی هورمزی داخست، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو لە 72 دۆلارەوە بۆ سەروو 100 دۆلار بەرزببێتەوە.
دواتر لە رۆژی 8ی نیساندا، بە نێوەندگیریی پاکستان ئاگربەست راگەیێندرا، بەڵام لە 13ی نیسان ئەمریکا وەک وەڵامێک بۆ داخستنی تەنگەی هورمز، گەمارۆی دەریایی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران.
وەزارەتی دەرەوەی چین ئاماژەی بەوە کردووە کە گەیشتن بە ئاگربەست و دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەلایەن هەموو جیهانەوە پێشوازیی لێکراوە و دەڵێت: "ئێستا کە دەرگای دیالۆگ کراوەتەوە، نابێت جارێکی دیکە دابخرێتەوە. پێویستە ئەم دەرفەتە بپارێزرێت و بە ئاراستەی چارەسەری سیاسی هەنگاو بنرێت."
بەیجینگ پێشنیاز دەکات لە رێگەی گفتوگۆ و راوێژەوە، چارەسەرێک بدۆزرێتەوە کە نیگەرانیی هەموو لایەنەکان لەسەر پرسە جیاوازەکان، لەوانە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، لەبەرچاو بگرێت.
ئەم هەڵوێستەی چین لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئێستا لە پەکینە و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شی جینپینگ رایگەیاند، سەرۆکی چین هاوڕایە کە دەبێت تەنگەی هورمز بکرێتەوە و نابێت ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆم.
حکومەتی چین داوا دەکات بە زووترین کات رێڕەوە ئاوییەکان بکرێنەوە تاوەکو هاتووچۆی بازرگانی ئاسایی ببێتەوە. وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت: "پێویستە وەڵامی داواکارییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدرێتەوە و پێکەوە کار بکەین بۆ پاراستنی سەقامگیریی زنجیرەکانی دابینکردنی کاڵا لە جیهاندا."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، پەکین دەڵێت، ئاگربەستێکی گشتگیر و درێژخایەن تەنیا رێگەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناوچەی کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رێگریکردن لە ململانێی سەربازیی نوێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ