رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، ئەو جەنگەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە، "هیچ پەیوەندییەکی بە ناتۆوە نییە" و "جەنگی ناتۆ نییە."
رەتکردنەوەی گوشارەکانی ترەمپ
ئەم لێدوانەی ئەڵمانیا دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە داوای لە چەند وڵاتێک کرد، لەنێویاندا فەرەنسا و بەریتانیا، هاوکاربن لە دابینکردنی ئاسایشی تەنگەی هورمز.
ترەمپ دواتر گوشارەکانی بۆ سەر هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ زیاتر کرد و بە میدیای بەریتانیای راگەیاند، ئەگەر ئەندامانی ناتۆ بەشدار نەبن لە کردنەوەی رێڕۆکە، هاوپەیمانییەکە رووبەڕووی ئایندەیەکی "زۆر خراپ" دەبێتەوە.
شتیفان کۆرنێلیۆس، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ناتۆ هاوپەیمانییەکە بۆ بەرگریکردن لە خاک" و لە دۆخی ئێستادا "هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ بڵاوەپێکردنی هێزی ناتۆ لە ئارادا نییە."
داوای روونکردنەوە لە ئەمریکا و ئیسرائیل
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە هەمان کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی پێویستی بەوەیە لە ئیسرائیل و ئەمریکا تێبگات "لە چ خاڵێکدا ئامانجە سەربازییەکانیان لە ئێران بەدی دێن."
مێرتس رۆژی هەینی رایگەیاند، جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت لە زووترین کاتدا کۆتایی بێت، چونکە "سوود بە کەس ناگەیەنێت و زیانی ئابووریی گەورە بە زۆر لایەن دەگەیەنێت، لەوانەش ئەڵمانیا."
بۆریس پیستۆریۆس: ئەمریکا بێ راوێژ جەنگی دەستپێکردووە
بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی دەیەوێ هەموو لایەنەکان رێگری لە "پەرەسەندنی زیاتری سەربازی" بکەن.
بۆریس پیستۆریۆس گوتی، "هیچ بەشدارییەکی سەربازی" لە لایەن ئەڵمانیاوە نابێت، بەڵام بەرلین ئامادەیە پشتگیریی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بکات بۆ گەرەنتیی هاتووچۆی سەلامەت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە.
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا رەخنەی لە شێوازی دەستپێکردنی جەنگەکە گرت و گوتی، "ئێمە لە دۆخێکداین کە خۆمان دروستمان نەکردووە...ئەم جەنگە بێ هیچ راوێژێک دەستیپێکرد."
بۆریس پیستۆریۆس ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرپرسیارێتیی سەرەکیی ئەڵمانیا پاراستنی باڵی رۆژهەڵاتی ناتۆ و ناوچەکانی باکوورە و "ناتوانین لە هەموو شوێنێکی جیهاندا بین."
بۆریس پیستۆریۆس بە گومانەوە پرسیاری لە داواکارییەکەی سەرۆکی ئەمریکا کرد و گوتی: "دۆناڵد ترەمپ چاوەڕێی چی لە چەند کەشتییەکی جەنگیی ئەورووپی دەکات لە تەنگەی هورمز کە هێزی دەریایی مەزنی ئەمریکا خۆی نەتوانێت بە تەنیا ئەنجامی بدات؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە لە خۆی دەکەم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ