جیهان
ساتی بەرێکردنی تەرمی عیزەدین حەداد، فەرماندەی گشتیی کەتیبەکانی شەهید عیزەدین قەسام لە غەززە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل کوژرانی عیزەدین حەداد، فەرماندەی گشتیی کەتیبەکانی شەهید عیزەدین قەسام، باڵی چەکداریی بزووتنەوەی حەماسی راگەیاند و بە یەکێک لە "دوا فەرماندە باڵاکان"ـی پلاندانەری هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری ناوبرد. لە بەرامبەردا، حەماس وێرای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە، کوشتنەکەی بە "تاوان" ناوبرد و رایگەیاند، ئەمە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی نێوەندگیر دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەوە.
سوپای ئیسرائیل و دەزگەی ئاسایشی ناوخۆی ئەو وڵاتە (شین بێت)، رۆژی شەممە 16-05-2026 لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند: "دوێنێ، لە هێرشێکدا بۆسەر غەززە، تیرۆریست عیزەدین حەداد لەنێوبرا."
بەرپرسێکی حەماس رایگەیاند: "فەرماندەی باڵا عیزەدین حەداد دوێنێ لە هێرشێکی ئیسرائیلدا شەهید بوو کە شوقەیەک و ئۆتۆمبێلێکی سڤیلی لە شاری غەززە کردە ئامانج." بەگوێرەی سەرچاوەیەکی دیکەی حەماس، حەداد لەگەڵ هاوژین و کچێکیدا کوژراوە.
ئیسرائیل: حەداد بارمتەکانی وەک قەڵخان بەکاردەهێنا
سوپای ئیسرائیل دەڵێ، حەداد "یەکێک بوو لە دوا فەرماندە باڵاکانی باڵی چەکداریی حەماس کە سەرپەرشتیی پلاندانان و جێبەجێکردنی کۆمەڵکوژیی 7ـی ئۆکتۆبەری کرد."
ئیسرائیل هەروەها دەڵێ: "حەداد سیستمی دەستبەسەرکردنی بارمتەکانی حەماسی بەڕێوەدەبرد و خۆی بە بارمتەکان دەورە دابوو لە هەوڵێکدا بۆ رێگریکردن لە کوژرانی."
ئیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل کوشتنەکەی بە "دەستکەوتێکی ئۆپەراسیۆنیی گرنگ" ناوبرد و گوتی: "لە هەموو گفتوگۆیەکدا کە لەگەڵ ئەو بارمتانەی دەگەڕانەوە، ناوی تیرۆریستی سەرەکی، عیزەدین حەداد دووبارە و دووبارە دەهاتەوە."
حەماس: لەدەستدانێکی گەورەیە، بەڵام رێگەکە بەردەوامە
لە بەرامبەردا بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند: "ئەم تاوانە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی نێوەندگیر و گەرەنتیکاری رێککەوتنەکە دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکانیانەوە" و داوایکرد، "هەنگاو بنێن بۆ ناچارکردنی حکومەتی داگیرکەر بە پابەندبوون بە بڕگەکانی رێککەوتنەکە و راگرتنی تاوانەکانی."
حازم قاسم، گوتەبێژی حەماس رایگەیاند، حەداد یەکێک بوو لە "گەورەترین تێکۆشەر"ـەکانی مێژووی فەڵەستین و گوتی: "ئەم لەدەستدانە گەورەیە، بەڵام رێگەکە بەردەوامە تاوەکو رزگاری."
عیزەدین حەداد کێ بوو؟
حەداد لەدایکبووی ساڵی 1970 بوو و بەگوێرەی سەرچاوەیەکی حەماس، لە مانگی ئایاری ساڵی 2025 بووە فەرماندەی گشتیی باڵی چەکداریی حەماس. هەمان سەرچاوە رایگەیاندووە، حەداد پێشتر لە شەش هەوڵی کوشتن لەلایەن ئیسرائیلەوە رزگاری بووە.
سەرەڕای ئەو ئاگربەستەی لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردوودا راگەیێندرا، گرژیی رۆژانە لە غەززە بەردەوامە و هێرشەکانی ئیسرائیل کۆتاییان نەهاتووە.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، لەدوای دەستپێکردنی ئاگربەستەکەوە لانیکەم 856 فەڵەستینی کوژراون. لە هەمان ماوەدا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، پێنج سەربازی لە غەززە کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ