ماکرۆن: قسەم لەگەڵ ئەحمەد شەرع کرد و نیگەرانیی قووڵم پێ راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ لەگەڵ هاوتا سوورییەکەی گفتوگۆی کردووە و "نیگەرانیی قووڵ"ی پێ راگەیاندووە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، ئەم بەیانییە لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی سووریا گفتوگۆی کردووە و دەشڵێت، "نیگەرانیی قووڵی خۆمانم پێ راگەیاند سەبارەت بە پەرەسەندنەکان لە سووریا و بەردەوامیی ئەو هێرشانەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە ئەنجام دەدرێن."
سەرۆکی فەرەنسا جەخت لەوە دەکاتەوە، "پێویستە ئاگربەستێکی هەمیشەیی بکرێت و دەبێت رێککەوتنێک بۆ تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا ئەنجام بدرێت، ئەوەش لەسەر بنەمای گفتوگۆکانی مانگی ئازاری رابردوو. یەکێتی و سەقامگیریی سووریا بەندە بەمەوە."
لە 6ی ئەم مانگەدا سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی کردە سەر هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب، وێڕای کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە بە فەرمی، هێرشەکانی ئەو سوپایە دژی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەردەوامە و رانەگیراوە.
حکومەتی سووریا دەڵێت، هەسەدە "خۆی رێکدەخاتەوە"، درۆن بەکاردەهێنێت و بەپێی رێککەوتنەکان نەکشاوەتەوە. حکومەت ناوچەکانی بە "ناوچەی سەربازیی داخراو" ناساندووە بۆ پاساوی پێشڕەوییەکانی و داوا لە هەسەدە دەکات بە تەواوی بۆ رۆژهەڵاتی فورات بکشێتەوە.
هەسەدەش جووڵەکانی حکومەت بە "ناپاکی" و پێشێلکردنی ئاگربەست ناودەبات و دەڵێت، هێرشەکان ئەو ناوچانەشی گرتووەتەوە کە نابێت بکرێنە ئامانج. هەسەدە هۆشداری دەدات کە لەدەستدانی ئەو ناوچانە مەترسی لەسەر زیندان و کەمپەکانی دەستبەسەرکردنی داعش دروست دەکات.