شاندی ئیمراڵی: ئۆجەلان لە دۆخی سووریا نیگەرانە و دەڵێت ئامادەم رۆڵ بگێڕم

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، لەبارەی دیدارەکەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رایانگەیاند، "بەڕێز ئۆجەلان رایگەیاندووە، بەهۆی پێکدادانەکان و زیادبوونی گرژییەکانەوە زۆر نیگەرانە، ئەم دۆخەی وەکو هەوڵێک بۆ تێکدانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک هەڵسەنگاندووە. جەختیشی کردووەتەوە، هەموو کێشەکانی سووریا تەنیا بە دیالۆگ، دانوستاندن و ژیریی هاوبەش چارەسەر دەکرێن و پێویستە چارەسەر بکرێن."
 
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی ئەمڕۆ یەکشەممە 18ی کانوونی دووەمی 2026 سەبارەت بە دیدارەکەیان لەگەڵ ئۆجەلان لە رۆژی 17ی کانوونی دووەمی 2026 راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، تەوەرەی سەرەکیی دیدارەکە پێشهاتەکانی سووریا بووە و ئۆجەلان، "پێکدادان و گرژییەکانی سووریای" وەکو "هەوڵێک بۆ تێکدانی پرۆسەکە (پرۆسەی ئاشتی)" هەڵسەنگاندووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە 17ی کانوونی دووەمی 2026، لە ئیمراڵی لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان دیدارێکمان ئەنجام دا، کە نزیکەی دوو کاژێر و نیوی خایاند. لە دیدارەکەدا بەڕێز ئۆجەلان رایگەیاند، پابەندە بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و دیدگای 27ی شوبات هێشتا بەرقەرارە. لەم چوارچێوەیەدا، جارێکی دیکە جەختی لە گرنگیی پێشخستنی پرۆسەکە کردەوە لە رێگەی هەنگاوی پێویستەوە."
 
"پێکدادانەکانی سووریا هەوڵێکە بۆ تێکدانی پرۆسەکە"
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بەڕێز ئۆجەلان رایگەیاندووە، بەهۆی پێکدادانەکان و زیادبوونی گرژییەکانەوە زۆر نیگەرانە و ئەم دۆخەی وەکو هەوڵێک بۆ تێکدانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک هەڵسەنگاندووە."
 
ئۆجەلان جەختی کردووەتەوە، هەموو کێشەکانی سووریا تەنیا بە "دیالۆگ، دانوستاندن و ژیریی هاوبەش چارەسەر دەکرێن و پێویستە چارەسەر بکرێن."
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامادەیە ئەو بەرپرسیارێتییەی دەکەوێتە ئەستۆی، جێبەجێی بکات، بۆئەوەی ئەم کێشەیە بە گفتوگۆ لە زەمینەی پێکدادان دەربهێندرێت، "لەمبارەیەوە داواکارییەکەی دووپاتکردەوە بۆئەوەی هەموو ئەکتەر و لایەنەکان رۆڵی ئەرێنیی خۆیان بگێڕن و بە وریایی و بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن."
 
دیدارەکە دوێنێ ئەنجام درابوو؛ شاندەکە لە پەروین بوڵدان، میتحەت سانجار و ئۆزگور فایق ئەرۆڵ پێکهاتبوو.
 
پێش سەردانەکە، تەیب تەمەل، یاریدەدەری هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی گوتبووی، "هەواڵی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە دیداری ئۆجەلان وەستاوە. وەکو هەمیشە چاوەڕوان دەکرێت سێ ئەندامی شاندی ئیمراڵیی ئێمە سەردانی دوورگەکە بکەن. لە یەکەم دەرفەتدا کە کەشوهەوا رێگە بدات، ئەم سەردانە ئەنجام دەدرێت."
 
شاندەکە، دواجار لە 2ی کانوونی یەکەمی 2025 سەردانی ئیمراڵییان کردبوو و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دیداریان ئەنجام دابوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە