رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەمڕۆ یەکشەممە چەکهەڵگرتنی گشتی راگەیاند و حکومەتی دیمەشقی بە پێشێلکردنی رێککەوتن و دەستپێکردنی هێرش لە چەندین بەرەوە تۆمەتبار کرد. هاوکات داوا لە هاووڵاتییان دەکات چەک هەڵبگرن و رووبەڕووی "شەڕی مان و نەمان" ببنەوە.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئاراستەی رای گشتی کراوە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت: "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی دیمەشق رێککەوتنیان پێشێل کردووە و لە بەیانیی دوێنێوە تاوەکو ئێستا لە چەندین بەرەوە هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانمان."
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی ئاشتییانە و "نیشاندانی نیازپاکی" لەرێگەی کشانەوە لە هەندێک ناوچە، "بەڵام دیمەشق سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە شەڕ و بژارەی سەربازی."
لەبەر ئەوە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوا لە هاووڵاتییان دەکات ئامادە بن و دەڵێت: "داوا لە گەلەکەمان دەکەین بنەمای بەرگریی رەوا بکەنە بنچینە و شانبەشانی هێزە سەربازییەکانیان بوەستنەوە، شارەکانیان بپارێزن و بەشداری لە شەڕی پاراستنی شکۆمەندیدا بکەن."
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێیوایە ئامانجی هێرشەکان "لێدانە لەو برایەتییەی کە بە خوێنی کوڕان و کچانی ئێمە بونیاد نراوە و دروستکردنی ئاژاوە و تووندوتیژییە لەنێوان پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "داوا لە هەموو چین و توێژەکانی گەلەکەمان، بەتایبەتی گەنجان دەکەین، چەک هەڵبگرن و ئامادەبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراو لە ناوچەکانی جزیرە و کۆبانێ. پێویستە بزانین کە لەبەردەم شەڕی مان و نەمانداین و بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانمان، تاکە بژاردە بەرگریی گەلە."
ئەو راگەیێندراوەی بەڕێوەبەرایەتییەکە هاوکاتە لەگەڵ پێشڕەوییەکانی سوپای عەرەبیی سووریا لە چەند گوندەوارەکانی حەلەب، کە پێشتر هەسەدە بە رێککەوتن چۆڵی کردبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ