هێرشەکەی فینلاند گەنجێکی کوردی کردە پاڵەوان

20-08-2017
عەلی زەڵمی
نیشانەکردن کورد فینلاند
A+ A-

رووداو - فینلاند 

گەنجێکی کورد بەهۆی ئەوەی لە هێرشەکەی فینلاند رۆڵێکی بێوێنەی بینیوە، بووەتە جێی بایەخی میدیاکان و وەکو پاڵەوان دەردەکەوێت.

ئاریا رەشیدی، گەنجێکی کوردی تەمەن 24 ساڵی خەڵکی سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە وڵاتی فینلاند دەژیت، ئازایەتییەکەی بووەتە مانشێتی ژمارەیەکی زۆر لە میدیاکانی ئەو وڵاتە و دەنگیداوەتەوە. 



رۆژی هەینی 18-8-2017، لە نێوەڕاستی شاری تورکو لە باشووری فینلاند کەسێک بە چەقۆیەکی گەورە هێرشی کردە سەر خەڵک، دوو کەسی کوشتن و 8 کەسیشی بریندار کردن. دەستبەجێش لەلایەن پۆلیس تەقەی لێکرا و بە برینداری دەستگیرکرا. پاشان رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکە راگەیاند.

ئاریا چیرۆکی هێرشەکەی گێڕایەوە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو لە فرۆشگایەکی تایبەت بە میوەفرۆشی کاردەکات و رۆژی هەینی کە هێرشەکە ئەنجامدرا وەک رۆژەکانی دیکە لەسەر کار بووە. 



ئاریا گوتی: "لەنێو ئۆتۆمبێلەکەمدا بووم گوێم لە هات و هاوارێک بوو، سەیرمکرد بینیم کەسێک بە چەقۆ هێرشدەکاتە سەر ژنێک. لە ئۆتۆمبێل دابەزیم و هاوکارەکانم ئاگادارکردەوە، هێرشکارەکە چەقۆیەکی پێبوو، ئێمەش دەستبەجێ دوای کەوتین." 

ئاریا گوتیشی : "لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی دیکەم کەوتینە دوای هێرشکارەکە و هۆشداریمان دەدایە خەڵکی بۆ ئەوەی لەسەر رێگای دووربکەونەوە، کاتێکیش کارمەندانی پۆلیس هاتن ئاسانکاری زۆرمان بۆ کردن بۆ ئەوەی زانیارییان لەسەر هێرشکارەکە دەستبکەوێت". 



ناوبراو باسی دەستگیرکردنی هێرشکارەکەی کرد و گوتی : "ئێمە بەدوایەوە بووین، هێرشکارەکە گەیشتە لای ژنێک و ویستی چەقۆی لێبدات، بەڵام هێزەکانی پۆلیس تەقەیان لێکرد و لەو کاتەشدا من بە دار کەوتمە سەری، ئینجا بە برینداری دەستگیرکرا".



داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە