رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، ئاگربەستی تایبەت بە جەنگی ئێرانی درێژکردوەتەوە تاوەکو ئەو کاتەی لایەنی ئێرانی بە مەرجەکانی وڵاتەکەی رازی دەبێت.
رۆژی سێشەممە، 21ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ترووس سۆشیاڵ سەبارەت بە ئاگربەستی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران گوتی: "فەرمانم داوە بە سوپاکەمان کە بەردەوام بێ لە گەمارۆکەی (گەمارۆی سەر بەندەرکانی ئێران) و لە هەموو لایەنەکانی دیکەشەوە بە ئامادەیی و توانای تەواوەوە بمێننەوە"؛ دەشڵێت: "ئاگربەستەکە درێژ دەکەینەوە تاوەکو ئەو کاتەی پێشنیازەکەیان پێشکێش دەکەن و گفتوگۆکان کۆتاییان دێت".
ئەو درێژکردنەوەی ئاگربەستە لە کاتێکدایە، بڕیار بوو بەرەبەیانی سبەی کاژێر 2:50 ئاگربەستە دوو هەفتەییەکەی واشنتن و تاران کۆتایی بێت.
لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ: "لەسەر بنەمای ئەو راستییەی کە حکومەتی ئێران لێکترازاوە، کە ئەمە شتێکی چاوەڕواننەکراو نەبوو و لەسەر داوای عاسم مونیر (سوپاسالاری پاکستان) و سەرۆکوەزیران شەهباز شەریف لە پاکستان، داوامان لێکراوە کە هێرشەکانمان بۆ سەر وڵاتی ئێران رابگرین تاوەکو ئەو کاتەی سەرکردە و نوێنەرانیان دەتوانن پێشنیازێکی یەکگرتوو ئامادە بکەن".
پێش درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە، چاوەڕوان دەکرا دانوستاندن لەنێوان شاندی ئێرانی و ئەمریکی لە پاکستان دەست پێبکاتەوە، بەڵام هێستا شاندی هیچ کام لە لایەنەکان نەچوونە پاکستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ