کێ پێش پۆستەکانی تره‌مپ لە بازاڕەکاندا ملیۆنان دۆلار قازانج دەکات؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی کەناڵی بی بی سی پەردە لەسەر شێوازێکی گوماناوی و نائاسایی لە بازاڕە داراییەکانی جیهاندا لادەبات، کە تێیدا تێبینی کراوە بەرزبونەوەی کتوپڕ و جموجۆڵی گەورەی بازرگانی چەند خولەکێک پێش راگەیێندراوە فەرمییەکانی دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکا روودەدەن. ئەم دیاردەیە، کە لە کاتی جەنگی ئێران و ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا بە زەقی دەرکەوتووە، گومانی ئەوەی دروست کردووە کە هەندێک بازرگان زانیاریی "ناوەکی"یان لەبەردەستدا بێت پێش ئەوەی رێککەوتن یان گورزە سەربازییەکان بە فەرمی رابگەیێندرێن. 
 
هەرچەندە هەندێک لە شارەزایان پێیانوایە بازرگانان فێری پێشبینیکردنی رەفتارەکانی تره‌مپ بوون، بەڵام هاوکاتیی وردی جموجوڵە داراییە ملیۆن دۆلارییەکان لەگەڵ بڕیارە سیاسییەکان، وایکردووە چاودێران و دامەزراوە داراییەکان بە گومانەوە سەیری دۆخەکە بکەن. 
 
ئەم راپۆرتە وردەکاریی ئەو بەڵگانە دەخاتە روو کە چۆن هەندێک هەژمار لە رێگەی پێشبینیکردنی بڕیارەکانی کۆشکی سپییەوە، سامانێکی خەیاڵییان پێش بڵاوکردنەوەی پۆستەکانی تره‌مپ لە سۆشیاڵ میدیا کۆکردوەتەوە و بازاڕەکانیان بە قازانجی خۆیان شڵەژاندوە.
 
بەرزبوونەوەی گوماناوی لە بازاڕی نەوت، نمونەی 23ی ئادار
 
نیک مارش، پەیامنێری بی بی سی، ئاماژە بە یەکێک لە دیارترین نموونەکان دەکات کە لە 23ی ئادار روویداوە. 
 
لە کاتێکدا تره‌مپ هەموو کۆتایی هەفتەکەی بە هەڕەشەکردن لە وێستگەکانی کارەبای ئێران بەسەر بردبوو، لەناکاو بەیانی رۆژی دووشەممە و پێش کردنەوەی بازاڕی پشکەکان لە ئەمریکا، پۆستێکی لە "تروس سۆشیاڵ" بڵاوکردەوە و رایگەیاند، گفتوگۆی زۆر بەرهەمداریان لەگەڵ تاران هەبووە. 
 
لە ئەنجامدا نرخی نەوت 14٪ دابەزی. ئەوەی جێی گومانە ئەوەیە کە داتاکان نیشانی دەدەن چەندین ملیۆن دۆلار لە گرێبەستەکانی نەوتی داهاتوو لە نێوان 14 بۆ 16 خولەک "پێش" بڵاوکردنەوەی پۆستەکەی تره‌مپ واژۆکراون. ئەو بازرگانانە لە رێگەی "فرۆشتنی کورت"ـەوە بڕێکی یەکجار زۆر پارەیان قازانج کردوە.
 
گرێبەستی نەوتی داهاتوو جۆرێکی رێککەوتنە بۆ کڕین یان فرۆشتنی بڕێک نەوت لە داهاتوودا، بەڵام بە نرخی ئەمڕۆ. واتا دەکرێت رێککەوتنەکە لە داهاتوودا جێبەجێبکرێت و نەوتە فرۆشراوەکە یان کڕدراوەکە رادەستبکرێت. 
 
بازاڕەکانی پێشبینی و رۆڵی کوڕەکەی دۆناڵد تره‌مپ 
 
لە دوو ساڵی رابردوودا بازاڕەکانی پێشبینی وەک "پۆڵیمارکێت" و "کالشی" کە بە تەکنەلۆژیای بڵۆکچەین کار دەکەن، گەشەیەکی بێوێنەیان کردووە. تێیدا خەڵک دەتوانن گرەو لەسەر هەموو شتێک بکەن، لە کەشوهەواوە تاوەکو ئەنجامی یارییەکان و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا. 
 
ئەم بازاڕانە وەک میکانیزمێکی سادەی "بەڵێ یان نەخێر" کار دەکەن. یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکان ئەوەیە کە (دۆناڵد جۆن ترەمپ جۆنیۆر)، کوڕی سەرۆکی ئەمریکا، وەبەرهێنەرە لە "پۆڵیمارکێت" و لە ئەنجوومەنی راوێژکاریی هەردوو ماڵپەڕەکەدا کار دەکات. 
 
نموونەیەکی دیکەی سەرسوڕهێنەر پەیوەندی بە هەژمارێکەوە هەیە بە ناوی Burdensome Mix لەسەر ماڵپەڕی پۆڵیمارکێت. ئەم هەژمارە لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا دروستکراوە و تەنیا لە نێوان 30ی کانوونی یەکەم بۆ 2ی کانوونی دووەم، بە 32 هەزار دۆلار گرەوی لەسەر لابردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلا کرد. 
 
رۆژی دواتر و لەناکاو، مادورۆ لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئەمریکاوە دەستگیرکرا و هەژمارەکە نزیکەی نیو ملیۆن دۆلاری قازانج کرد. دوای ئەم قازانجە گەورەیە، هەژمارەکە ناوەکەی گۆڕی و ئیدی هیچ گرەوێکی دیکەی نەکردووە. هاوکات لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە گرەوی هاوشێوە لەسەر ئەگەری هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێرانیش هەبوون. 
 
هەڵوێستی کۆشکی سپی و لایەنە پەیوەندیدارەکان
 
کۆشکی سپی تاوەکو ئێستا وەڵامی ئەو تۆمەتانەی نەداوەتەوە، بەڵام گوتەبێژەکان پێشتر هەر جۆرە بازرگانییەکی ناوەکییان بە تووندی رەتکردوەتەوە و رایانگەیاندوە، رێگە نادەن هیچ بەرپرسێک سوود لە زانیارییە نهێنییەکان وەربگرێت بۆ قازانجی دارایی و گوشار ناخەنە سەر بازاڕەکان. 
 
لە لایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی "پۆڵیمارکێت" بە بی بی سی راگەیاندوە، پابەندی بەرزترین ستانداردی یەکپارچەیی بازاڕن و لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکاندا هاوکارن. 
 
لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا هەردوو ماڵپەڕی پۆڵیمارکێت و کالشی رێسای نوێیان بۆ رێگری لە "بازرگانیی ناوەکی" دەرکردووە. سەرەڕای ئەوەش، بەردەوامیی ئەم جموجۆڵانە پێش قسەکانی تره‌مپ، گومانێکی گەورەی لای بازرگانان و رای گشتی دروست کردوە کە ئایا تەنیا لێهاتوویی بازرگانەکانە یان دزەپێکردنی زانیارییەکان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

درۆنی ئێرانی

ئەمریکا 'تۆڕێکی دابینکردنی کەرەستەی درۆن و مووشەکی ئێران' سزا دەدات

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی ئابووری"، سزای بەسەر 14 کەس، لایەن و فڕۆکەدا سەپاند بنکەیان لە وڵاتانی ئێران، تورکیا و ئیماراتە، ئەم هەنگاوە وەکو وەڵامێکە بۆ تێوەگلانی ئەو لایەنانە لە دابینکردن و گواستنەوەی چەک و پارچەی مووشەک بۆ رژێمی ئێران.