نوێنەری ئێران لە UN بۆ رووداو: تاوەکو گەمارۆی سەر بەندەرەکان لانەبرێ، ناچینە نێو دانوستاندنەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو رایگەیاند، هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران، مەرجی سەرەکیی تارانە بۆ دەستپێکردنەوەی گەڕی نوێی دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد.
 
کاتێک نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک پرسیاری لێ کرد: "کەواتە تاوەکو گەمارۆکە لانەبرێ، دانوستاندنەکان ناکرێن؟" ئیرەوانی گوتی: "بەڵێ."
 
هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی رووداودا سەبارەت بە ئاستی گەشبینییەکەی بۆ گەیشتن بە ئەنجام، نوێنەری ئێران گوتی: "دەبێت دەرفەتی پێ بدەین. هیوامان هەیە. وەک دیپلۆمات، ئێمە هەمیشە ئومێدەوارین."
 
ئیرەوانی گەمارۆ دەریاییەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە "پێشێلکردنی روونی ئاگربەست" ناوبرد و گوتی، تاران پەیامی گەیاندووەتە واشنتن کە دەبێت ئەو گەمارۆیە بشکێندرێ.
 
ئیرەوانی گوتی: "هەندێک ئاماژەمان بەدەست گەیشتووە کە ئەوان (ئەمریکییەکان) ئامادەن بۆ لابردنی گەمارۆکە. هەر کاتێک ئەوە روویدا، پێم وایە گەڕی داهاتووی دانوستاندنەکان لە ئیسلامئاباد بەڕێوەدەچێت."
 
سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، نوێنەری ئێران گوتی: "ئەوە پەیوەستە بەوانەوە. ئێمە دەستپێشخەریی هێرشی سەربازیمان نەکردووە، ئەوان جەنگیان دژی ئێمە دەستپێکرد. ئەگەر بیانەوێ لە سەر مێزی گفتوگۆ چارەسەری سیاسی بدۆزنەوە، ئێمە ئامادەین. بۆ چوونە ناو جەنگیش ئێران ئامادەیە، بەڵام ئێمە پێشوازی لەوە ناکەین."
 
ئیرەوانی گوتی، یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی تاران بۆ ئاگربەست ئەوە بوو کە دەبێت ئاگربەستەکە تەواوی ناوچەکە و تەنانەت لوبنانیش بگرێتەوە. لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بەوەی ئایا ئێران کەنداوی عەدەن وەک کارتێکی گوشار بەکاردەهێنێت (هاوشێوەی تەنگەی هورمز)، گوتی، هیچ زانیارییەکی لەو بارەیەوە نییە.
 
ئەم لێدوانانەی ئیرەوانی لە کاتێکدا دێن کە بڕیاربوو جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بچێتە پاکستان بۆ گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان، بەڵام سەردانەکە دواخرا.
 
ئێستا جیهان چاوەڕێی کاژێرەکانی کۆتایی ئاگربەستە 14 رۆژییەکەیە تاوەکو بزانێت ئایا ئەمریکا گەمارۆ دەریاییەکە سووک دەکات یان جەنگ لە ناوچەکەدا دەستپێدەکاتەوە.
 
هەڤپەیڤینی ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ پەیامنێران:
 
پرسیار: جەنابی باڵیۆز، چی دەبیستیت لەبارەی گفتوگۆکان و درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە؟
 
ئیرەوانی: گەمارۆکەی ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشێلکردنی ئاگربەستەکەیە و پێمان گوتوون کە پێویستە ئەو گەمارۆیە لاببەن. هەندێک ئاماژەمان پێ گەیشتووە کە ئەوان ئامادەن بۆ لابردنی، هەر کە ئەو گەمارۆیەیان شکاند، پێموایە گەڕی داهاتووی دانوستاندنەکان لە ئیسلامئاباد بەڕێوەدەچێت.
 
رووداو: کەواتە تاوەکو گەمارۆکە لانەبرێ، دانوستاندنەکان ناکرێن؟
 
ئیرەوانی: بەڵێ.
 
پرسیار: باڵیۆز جەی دی ڤانس گەشتەکەی بۆ ئیسلامئاباد راگرتووە. ئایا ئەمە بەو مانایەیە کە گفتوگۆکان ناکرێن؟
 
ئیرەوانی: لەوە دڵنیا نیم. زانیاریم نییە، بەڵام گوتوومانە کە ئەوە مەرجێکە، سەرەتا دەبێت گەمارۆکە کۆتایی پێ بهێنن و دوای ئەوە گەڕی داهاتووی دانوستاندنەکان بەڕێوەدەچێت.
 
پرسیار: کەواتە پێت وایە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان تا ئەو کاتە لەم دۆخی راگرتنەدا دەمێننەوە؟ چاوەڕوانی چی دەکەیت؟
 
ئیرەوانی: ئەوە پەیوەستە بەوانەوە. ئێمە دەستپێشخەری هێرشی سەربازیمان نەکردووە. ئەوان جەنگیان دژی ئێمە دەستپێکرد، ئێمە ئامادەین. ئەگەر بیانەوێ لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و گەنگەشە بکەن و چارەسەرێکی سیاسی بدۆزنەوە، ئێمە ئامادە دەبین. بۆ چوونە نێو جەنگیش، لەو رووەشەوە، ئێران ئامادەیە، بەڵام ئێمە پێشوازی لەمە ناکەین.
 
پرسیار: دەستپێکردنەوە و زیادبوونی گرژییەکان لە لوبنان دەبینین. رات چییە لەسەر دۆخی لوبنان؟

 

ئیرەوانی: ئەوە یەکێک بوو لەو مەرجانەی داماننابوو کە دەبێت ئاگربەستەکە تەواوی ناوچەکە بگرێتەوە، تەنانەت لوبنانیش بگرێتەوە.
 
پرسیار: جەنابی باڵیۆز، لەبارەی کەنداوی عەدەن؛ ئەگەر گفتوگۆکانی ئاشتی سەرکەوتوو نەبن، ئایا ئێران دەتوانێت کەنداوی عەدەن وەک گوشار بەکاربهێنێت، هەروەک چۆن تەنگەی هورمز بەکاردەهێنرێ؟
 
ئیرەوانی: هیچ زانیارییەکم لەسەر ئەمە نییە.
 
رووداو: تا چەند ئومێدەواریت کە دانوستاندنەکان ئەنجامێکیان هەبێت ئەگەر ئەم هەفتەیە بەڕێوەبچن؟
 
ئیرەوانی: دەبێت دەرفەتێک بدەین. هیوامان هەیە. وەک دیپلۆماتێک، ئێمە هەمیشە ئومێدەوارین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

درۆنی ئێرانی

ئەمریکا 'تۆڕێکی دابینکردنی کەرەستەی درۆن و مووشەکی ئێران' سزا دەدات

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی ئابووری"، سزای بەسەر 14 کەس، لایەن و فڕۆکەدا سەپاند بنکەیان لە وڵاتانی ئێران، تورکیا و ئیماراتە، ئەم هەنگاوە وەکو وەڵامێکە بۆ تێوەگلانی ئەو لایەنانە لە دابینکردن و گواستنەوەی چەک و پارچەی مووشەک بۆ رژێمی ئێران.