رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، "هەندێک ئاماژەی باش" لەبارەی ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران هەن، جەختی لەوەش کردەوە کە واشنتن پێی باشە رێگەی دیپلۆماسی بگرێتەبەر، بەڵام ئەگەر نەتوانرا بگەنە لێکتێگەیشتن، ئەوا بژاردەی دیکەی لەبەردەستدایە.
روبیۆ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان گوتیشی، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان، ئێوارەی پێنجشەممە بەرپرسانی پاکستان سەردانی ئێران دەکەن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا روونیکردەوە کە "هەندێک پێشکەوتن لە دانوستانەکانی لەگەڵ ئێراندا هەیە"، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەش کرد، "سیستمی ئێران درزی تێکەوتووە".
روبیۆ هیوای خواست نێوەندگیرییەکەی پاکستان لەگەڵ ئێران، ببێتە هۆی رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ.
جەختی لەوەش کردەوە، ئیدارەی ئەمریکا پێی باشە لەگەڵ تاران بگاتە رێککەوتن، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرۆک (دۆناڵد ترەمپ) بژاردەی دیکەی هەیە، ئەگەر ئەوە نەکرا".
روبیۆ هەروەها گوتی، سیستمی وەرگرتنی باج لە تەنگەی هورمز، "وادەکات رێککەوتنی دیپلۆماسی ئەستەم بێت".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رەخنەی لە هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) گرت، بەهۆی ئەوەی رەتیکردووەتەوە "هیچ شتێک" لەبارەی ئێرانەوە بکات.
گوتیشی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا "زۆر لە ناتۆ بێهیوا بووە"، هەروەها واشنتن "گومانی لەبارەی سوودی مانەوەی لەنێو هاوپەیمانییەکەدا بۆ دروست بووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ