هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران لە ئەنقەرە داوای ڤیزای ئەمریکای کرد

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
هەڵبژاردەی نیشتمانیی تۆپی پێی ئێران، کە بەشداری لە یارییەکانی کۆتایی مۆندیالی 2026 دەکات، بۆ وەرگرتنی ڤیزای چوونە ناو خاکی ئەمریکا، سەردانی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتەی لە ئەنقەرە کرد. ئەم هەنگاوەی ئێرانییەکان دوای لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ دێت کە رایگەیاندبوو چوونە ناوەوەی شاندی ئێران بۆ ئەمریکا گونجاو نییە.
 
شاندی هەڵبژاردەی ئێران کە لە 19ی ئایارەوە بۆ کەمپێکی راهێنان لە شاری ئەنتالیا بوون، بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان بەرەو پایتەختی تورکیا بەڕێکەوتن. 
 
مەهدی محەممەد نەبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران رایگەیاند، تەواوی ئەندامانی تیمی وڵاتەکەی، لە نێویاندا ئەو یاریزانانەی لە دەرەوەی وڵات یاری دەکەن، بۆ وەرگرتنی ڤیزای ئەمریکا و کەنەدا هاتوونەتە ئەنقەرە.
 
ئەم داواکارییە دوای ئەوە دێت کە لە 12ی ئایاردا، سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە بەشداریکردنی ئێران لەم پاڵەوانێتییەدا گوتبووی: "هەڵبژاردەی ئێران دەتوانێت بەشداری مۆندیال بکات، بەڵام پێموانییە ئەمە لە پێناو پاراستنی ژیان و ئاسایشی خۆیاندا کارێکی گونجاو بێت."
 
لەلایەکی دیکەوە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا  رایگەیاند، یاریزانانی ئێران پێشوازییان لێدەکرێ، بەڵام هۆشداری داوە کە رەنگە وڵاتەکەی رێگری لە چوونەژوورەوەی ئەو کەسانە بکات کە پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە هەیە.
 
یارییەکانی جامی جیهانیی تۆپی پێی مۆندیالی 2026 بڕیارە لە نێوان 11ی حوزەیران تاوەکو 19ی تەمووزی ئەمساڵ، بە هاوبەشی لە لایەن هەر سێ وڵاتی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیکەوە میوانداری بکرێت؛ بەهۆی نەبوونی پەیوەندی دیپلۆماسی و باڵیۆزخانەی فەرمیی ئەمریکا لە تاران، شاندە وەرزشییەکانی ئێران زۆرجار تورکیا وەک وێستگەیەک بۆ وەرگرتنی ڤیزا بەکاردەهێنن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زانکۆی هارڤەرد

زانکۆی هارڤەرد پێدانی نمرەی باڵا سنووردار دەکات و خوێندکارانیش ناڕازین

زانکۆی هارڤەردی ئەمریکی، کە یەکێکە لە ناودارترین زانکۆکانی جیهان بڕیارێکی نوێی بۆ رووبەرووبوونەوەی دیاردەی "هەڵاوسانی نمرەکان" راگەیاند، کە تێیدا رێژەی ئەو نمرە باڵایانە سنووردار دەکات، کە مامۆستاکان دەتوانن بە خوێندکارانی بدەن.