رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی رایدەگەیەنێت کە تەنیا دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیار لەسەر خشتەی کاتیی بەردەوامبونی جەنگ دەدات؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە سەرۆکی ئەمریکا هیچ وادەیەکی دیاریکراوی بۆ کۆتاییهاتنی ئاگربەستە درێژکراوەکە دانەناوە و واشنتن چاوەڕوانی وەڵامێکی یەکگرتوو لە ئێران دەکات.
رۆژی چوارشەممە، 22ی نیسانی 2026، کارۆلین لیڤت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، "سەرۆک ترهمپ هەر کاتێک هەست بکات لە بەرژەوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکان و گەلی ئەمریکادایە، خشتەی کاتیی جەنگ دیاری دەکات"؛ لیڤت ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە گوایە ترهمپ تەنیا سێ بۆ پێنج رۆژ مۆڵەتی دابێتە تاران و گوتی: "ئەم راپۆرتانە راست نین و هیچ وادەیەک بۆ ئاگربەستەکە نییە."
دوێنێ سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیال بڵاویکردەوە، تاوەکو ئەو ساتەی بەرپرسانی تاران بە پێشنیاز و پلانێکەوە دەچنە لایان بۆ دانوستاندن ئەوا ئاگربەستیان درێژکردەوە.
گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەی ئەمریکا تێبینی "لێکترازانی توندی ناوخۆیی" لە ناو سەرکردایەتیی ئێراندا دەکات و گوتی: "ململانێیەکی گەورە لە نێوان توندڕەوەکان و پراگماتییەکان لە تاران هەیە"؛ لیڤت لێدوانە گشتییەکانی بەرپرسانی ئێرانی بە "بێمانا" وەسف کرد و گوتی، ئەو زمانەی بە ئاشکرا بەکاری دەهێنن زۆر جیاوازە لەوەی لە کۆبونەوە نهێنییەکاندا دەیڵێن.
سەبارەت بە ستراتیژیی گوشار، لیڤت جەختی کردەوە کە ترهمپ لە ئەنجامەکانی گەمارۆ دەریاییەکە "رازییە" و دەزانێت کە ئێران لە پێگەیەکی زۆر لاوازدایە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستا هەموو کارتەکان لە دەستی سەرۆک ترهمپدان."
لە کۆتایی قسەکانیدا، کارۆلین لیڤت رایگەیاند، سەرەڕای هەبوونی ئاگربەست، بەڵام گوشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبن، بە تایبەتی گەمارۆ دەریاییەکە کە بە تەواوەتی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانی راگرتووە، ئەمەش وەکو هەوڵێک بۆ ناچارکردنی تاران تاوەکو بە پێشنیازێکی یەکگرتوو بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
رۆژی 13ی نیسان، سێنتکۆم گەمارۆی دەریایی خستەسەر بەندەرەکانی ئێران. تارانیش لە وەڵامدا تەنگەی هورمزی داخست کە پێشتر بەهۆی ئاگربەستەوە کردبوویەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ