رووداو دیجیتاڵ
لە ناو جەرگەی ئاڵۆزییەکانی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و نزیکبوونەوەی کاتی کۆتاییهاتنی ئاگربەست، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بووەتە مەیدانی ململانێیەکی تووندی سیاسی لە نێوان کۆماری و دیموکراتەکاندا. لە چەند لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو، یاسادانەرانی ئەمریکا دیدگەی جیاوازیان لە سەر پلانی دۆناڵد ترەمپ، تێچووی جەنگ و ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تاران خستە روو.
دیموکراتەکان: "جەنگێکی نایاسایی و گرانبەها"
ئەندامانی پارتی دیموکرات لە ئەنجوومەنی نوێنەران، لەکاتی قسەکردنیان بۆ دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، بە تووندی رەخنەیان لە شێوازی مامەڵەی ئیدارەی ترەمپ گرت و باسیان لە پێویستیی گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسی کرد.
جۆنی ئۆڵشێفسکی، ئەندامی دیموکرات لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە مێریلاند، بە رووداوی راگەیاند: "پێویستە لەرێگەی دیپلۆماسییەوە ئەمە چارەسەر بکرێت. ئەمریکییەکان ئێستا بە لەدەستدانی ژیانی سەربازەکانمان باجی ئەم جەنگە دەدەن. ئێمە لەرێگەی زیادبوونی نرخ لە وێستگەکانی بەنزین و تێچووی خزمەتگوزارییەکان لە شوێنەکانی وەک (Amazon) باجەکە دەدەین."
ئۆڵشێفسکی رەخنەی گرت کە ترەمپ هەرگیز پاساوی بۆ ئەوە نەهێناوەتەوە کە چۆن ئەم جەنگە لە بەرژەوەندیی ئەمریکادایە.
لە رووی یاساییەوە، سکۆت پیتەرز، لە پارتی دیموکرات ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەی ترەمپ بە بێ مۆڵەتی یاسادانەران هەنگاوی ناوە و گوتی: "ئەم جەنگە نایاساییە، چونکە ترەمپ بە بێ رەزامەندیی کۆنگرێس کردوویەتی. ئەوان تەنانەت زانیاریی نوێمان پێنادەن، بەڵام دواجار دەبێت بۆ داواکردنی پارە بێنەوە بۆ لای ئێمە و وەڵامی زۆر پرسیار بدەنەوە."
هاوکات، دۆن بایەر، ئەندامی دیموکرات لە ویلایەتی ڤێرجینیا، نیگەرانیی خۆی لە وێرانبوونی ژێرخانی ئێران دەربڕی و گوتی، "ئێمە ئێستا 50 ملیار دۆلار لە پارەی ئەمریکیمان بۆ بۆردوومانکردنی ئێران خەرج کردووە." بایەر پێیوایە لە کۆتاییدا هەر دەبێت رێککەوتنێکی هاوشێوەی (رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران) بکرێت، کە ماری گەی سكانڵنیش پشتڕاستی کردەوە، "لە سەردەمی ئۆباما رێککەوتنمان هەبوو بەڵام ئەم سەرۆکە تێکی دا."
کۆمارییەکان: "ئێرانمان هێناوەتە سەر چۆك"
لە بەرەی بەرامبەردا، کۆمارییەکان پشتگیریی تەواوی گوشارە سەربازی و ئابوورییەکانی ترەمپ دەکەن. ترۆی نێڵز، کۆنگرێسمانی تێکساس، بە دیار کوردەی گوت: "پێویستە بە پتەوی بمێنینەوە. من پێم وایە ئێمە ئێرانمان هێناوەتە سەر چۆك. دەبێت بەردەوام بین لە سەر گوشارەکان تاوەکو بگەینە رێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندیی ئێمەدا بێت." نێڵز هۆشداری دا، ئەگەر تاران لەگەڵ مەرجەکان رانەیەت، "بارودۆخەکە بۆیان زۆر زۆر خراپ دەبێت."
مارلن ستوتزمان، لە ئیندیانا تیشکی خستە سەر رۆڵی سوپای پاسداران و گوتی، تاکە رێگە بۆ رێککەوتن گۆڕینی سەرکردایەتییە لە تاران. ستوتزمان گوتی: "تەنگەی هورمز خاڵی لاوازیی ئێرانە، چونکە راگرتنی، رۆیشتنی پارەی کاش دەوەستێنێت. ئێمە سەرکردایەتییەکی نوێمان دەوێت کە چیدی مووشەک نەگرێتە ئیسرائیل و پارە بۆ بریکارەکانی وەک حەماس، حووسییەکان و حیزبوڵڵا نەنێرێت."
هەروەها گرێگ مێرفی، ستایشی تواناکانی ترەمپی کرد و گوتی: "سەرۆک دانوستاندنکارێکی مەزنە و رێگەیەک بۆ دەرچوون بۆ ئێرانییەکان دابین دەکات. گەلی ئێران خۆیان ئەمەیان دەوێت و نایانەوێت تووندڕؤکان وڵاتەکەیان بەڕێوەببەن."
سەرەڕای جیاوازیی تووند لە نێوان هەردوو حیزبەکە، سێ خاڵی سەرەکی وەک جەمسەری دانوستاندنەکان لە قسەکانیاندا رەنگی دایەوە:
بەرنامەی ئەتۆمی: هەموو لایەنەکان هاوڕان کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام لە سەر شێوازی رێگرییەکە ناکۆکن.
تەنگەی هورمز: کۆمارییەکان داوای کۆنتڕۆڵی تەواوەتی دەکەن، لە کاتێکدا دیموکراتەکان نیگەرانی کاریگەریی داخستنی تەنگەکەن لە سەر ئابووریی جیهان.
گۆڕینی رژێم: کۆمارییەکان بە ئاشکرا باس لە پێویستیی گۆڕینی سەرکردایەتی دەکەن، لە کاتێکدا دیموکراتەکان هۆشداری دەدەن کە ئەمە تێچوویەکی بێ کۆتایی دەبێت هاوشێوەی جەنگی کۆریا و ڤێتنام.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ