رووداو دیجیتاڵ
یۆنان رایگەیاند، کەشتییەکی بارهەڵگریان لە کاتی چوونەدەرەوە لە تەنگەی هورمز هێرشی کراوەتەسەر. ئەمە لە کاتێکدایە، سوپای پاسدارانی ئێران دەستبەسەرداگرتنی دوو کەشتیی دیکەی بارهەڵگری راگەیاند، ئەمەش سەرەڕای درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە.
رۆژی چوارشەممە، 22ــی نیسانی 2026، یۆرگۆس گیرەپێتریتس، وەزیری دەرەوەی یۆنان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (سی ئێن ئێن) پشتڕاستی کردەوە، کەشتییەکی بارهەڵگری یۆنانی، کە بە ئاڵای لیبیریا کار دەکات، لە تەنگەی هورمز هێرشی کراوەتە سەر.
وەزیری دەرەوەی یۆنان ناوی کەشتییەکەی ئاشکرا نەکرد بەڵام گوتی: "زیانێکی یەکجار زۆری بەرکەوتووە، بەڵام مەترسیی ژێرئاوکەوتنی لە سەر نییە." هەروەها گوتیشی، هەموو دەریاوانەکان تەندروستییان باشە.
لە لایەکی دیکەوە، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، دەستیان بە سەر دوو کەشتیی بارهەڵگردا گرتووە بە ناوەکانی (ئێم ئێس سی فرانسیسکا) کە ئاڵای پەنەمای هەڵکردبوو و (ئێپامینۆنداس) کە ئاڵای لیبیریای پێوە بووە.
تاران کەشتیی (ئێم ئێس سی فرانسیسکا)ـی بەوە تۆمەتبار کردووە، پەیوەندیی بە ئیسرائیلەوە هەیە، هەروەها کەشتیی (ئێپامینۆنداس)یش مۆڵەتی پێویستی نەبووە و یاریی بە سیستمی کەشتیوانی کردووە. کۆمپانیای (ئێم ئێس سی) کە بارەگاکەی لە جنێڤە، تاوەکو ئێستا ئەم هەواڵەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
ئاژانسی ئاسایشی دەریایی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند، بەلەمێکی جەنگیی ئێران تەقەی لە کەشتییەکی بارهەڵگر بە ناوی (یوفۆریا) کردووە لە نزیک کەناراوەکانی عومان. بەپێی داتاکانی پێگەی (مەرین ترافیک)، کەشتیی (یوفۆریا) توانیویەتی لە تەنگەکە دەربچێت و بەرەو بەندەری جەدە لە سعودیە بەڕێ بکەوێت.
ئەم ئاڵۆزییە دەریاییانە لە کاتێکدا دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئاگربەستە 14 رۆژییەکە درێژ دەکاتەوە تاوەکو دەرفەت بە سەرکردایەتیی ئێران بدات بۆ گەیشتن بە پێشنیازێکی یەکگرتوو. سەرەڕای هێرشەکان، ترەمپ گوتی کە "رەنگە" لە 36 بۆ 72 کاژێری داهاتوودا وەرچەرخان لە دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد رووبدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ