رووداو دیجیتاڵ
نادیە موراد، چالاکڤانی کوردی ئێزدی و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، رۆژی سێشەممە، 21-04-2026، لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە، بەرزترین نیشانەی شەرەفی ئەو وڵاتەی پێبەخشرا.
رێوڕەسمەکە لە کۆشکی ئێلیزێ لە پاریس بەڕێوەچوو، کە تێیدا نیشانەی لیجیۆنی شەرەف (Legion of Honor) بە نادیە موراد بەخشرا. بەمەش بووە یەکەم ژنی عێراق و هەرێمی کردستان کە ئەو رێزلێنانە وەربگرێت.
دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە، نادیە موراد، لە پۆستێک دا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "شانازییە بۆ من لە کۆشکی ئێلیزێ میدالیای لیجیۆن دۆنۆر لە سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن وەربگرم. فەرەنسا هەمیشە جێگەیەکی تایبەتی لە دڵمدا هەبووە."
نادیە موراد، هەروەها رایگەیاند: "ئەم رێزلێنانە تەنیا هی من نییە. هی هەموو رزگاربوویەکە کە رەتیکردەوە بێدەنگ بێت و هی هەموو ژن و کچێکە کە بەردەوامن لە قسەکردن، تەنانەت کاتێک جیهان هێشتا ئامادە نییە گوێیان لێبگرێت."
لای خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، ستایشی ئازایەتی و هەوڵە جیهانییەکانی نادیە مورادی کرد بۆ ئاشکراکردنی تاوانەکانی داعش و رۆڵی لە دروستکردنی بزووتنەوەیەکی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی سێکسی لە کاتی ململانێ چەکدارییەکان دا.
نیشانەی لیجیۆنی شەرەف (Légion d'honneur)، بەرزترین خەڵاتی فەرمیی کۆماری فەرەنسایە. ئەم نیشانەیە لە ساڵی 1802 لەلایەن ناپلیۆن پۆناپارتەوە دامەزراوە و دەبەخشرێتە ئەو کەسایەتییانەی خزمەتێکی بەرچاویان بە بەهاکانی مرۆڤایەتی کردووە. پێشتریش کەسایەتیی دیاری جیهان وەک نێڵسۆن ماندێلا، شاژن ئێلیزابێسی دووەم و فەیرووز ئەم رێزلێنانەیان پێ بەخشراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ