رووداو دیجیتاڵ
ئەمرۆ پێنجشەممە، بەریتانیا و فەرەنسا رێککەوتنێکی نوێی سێ ساڵەیان واژۆ کرد بۆ ئەوەی رێگری لە کۆچبەران بکەن تاوەکو بە بەلەمی بچووک بەنێو کەناڵی ئینگلیزدا گەشت نەکەن.
بەپێی رێککەوتنەکە، فەرەنسا هێزە ئەمنییەکانی لەسەر کەناراوەکان زیاد دەکات و تاوەکو ساڵی 2029 دەیگەیەنێتە هەزار و 400 پۆلیس و پاسەوان.
لە بەرامبەردا، بەریتانیا بڕی 766 ملیۆن یۆرۆ (897 ملیۆن دۆلار) وەکو هاوکاریی دارایی پێشکێش بە فەرەنسا دەکات، بەڵام نزیکەی چارەکێکی ئەو بڕە پارەیە (کە دەکاتە 186 ملیۆن یۆرۆ) تەنیا ئەو کاتە دەدرێت کە رێکارەکان ئەنجامیان هەبێت و کاریگەر بن.
ئەم دوو وڵاتە دراوسێیە چەندین مانگ بوو ناکۆکییان هەبوو لەسەر نوێکردنەوەی رێککەوتننامەی ساندھێرست، کە تایبەتە بە دیاریکردنی هاوکارییە داراییەکانی بەریتانیا بۆ ئەو فەرەنسا بۆ وەستاندنی ئەو کۆچبەرانەی هەوڵی پەڕینەوەی نۆکەندی ئینگلیز دەدەن و ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ ئەوەی لە فەرەنساوە بچن بۆ بەریتانیا.
لە رابردوودا، بەریتانیا فەرەنسای تۆمەتبار دەکرد بەوەی کە وەکو پێویست هەوڵ نادات رێگری لە رۆیشتنی کۆچبەران لە کەناراوەکانییەوە بکات.
بەم هۆیەوە، لەندەن پێداگری کرد کە تەنیا ئەو کاتە رێککەوتننامەکە نوێ دەکاتەوە کە بتوانێت مەرج دابنێت بۆ چۆنیەتیی بەکارهێنانی بەشێک لەو پارەیە لەلایەن حکومەتی فەرەنساوە.
"نەرمیی زیاتر" لە بەکارهێنانی پارەکەدا
شابانە مەحموود، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رۆژی پێنجشەممە لە سەردانێکیدا بۆ باکووری فەرەنسا کە تێیدا رێککەوتنەکەی لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی واژۆ کرد، گوتی: "ئێستا ئێمە نەرمیی زیاترمان دەبێت بۆ تەرخانکردنی پارە بۆ ئەو شتانەی کە دەزانین سوودیان هەیە."
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا سەبارەت بە رێککەوتنەکە، ئەگەر رێکارە نوێیەکان "ئەنجامی پێویست نەدەن بەپێی هەڵسەنگاندنێکی ساڵانەی هاوبەش، ئەوا پارەکە بۆ کاری نوێ بەکاردەهێنرێت." لۆرێنت نونێز، وەزیری ناوخۆی فەرەنساش گوتی رێککەوتنەکە زۆر گرنگە بۆ "بەرەنگاربوونەوە" و "بنەبڕکردنی" تۆڕەکانی کۆچی نایاسایی.
تەنانەت ئەگەر ئەو بەشە مەرجدارەی پارەکەش (186 ملیۆن یۆرۆ) نەدرێت، هێشتا بەشدارییە بنەڕەتییەکەی بەریتانیا کە 580 ملیۆن یۆرۆیە، 40 ملیۆن یۆرۆ زیاترە لەو بڕەی کە لە رێککەوتنی پێشوودا دەیدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ