رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا دەیەوێت جارێکی دیکە وزە وەک چەکێک دژی وڵاتانی ئەوروپا بەکاربهێنێت و بڕیاریداوە بۆریی نەوتی "دروژبا" دابخات، کە نەوتی کازاخستان بۆ ئەڵمانیا دەگوازێتەوە. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە بازاڕەکانی جیهان بەهۆی جەنگی ئێرانەوە دووچاری قەیرانێکی گەورەی سووتەمەنی بوونەتەوە.
بەپێی پلانەکەی کرێملین، نۆ رۆژی دیکە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی "دروژباوە" رادەگیرێت. ئەم بڕیارە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی سووتەمەنی لە ئەڵمانیا؛ چونکە پاڵاوگەی (PCK) کە دابینکەری 90%ـی سووتەمەنیی ئۆتۆمبێلەکانی بەرلینە، بۆ بەرهەمه نەوتییەکان پشت بەم بۆرییە دەبەستێت.
داخستنی بۆرییەکە کاریگەریی دەستبەجێی لەسەر ئابووریی ئەڵمانیا دەبێت؛ حکومەتی ئەو وڵاتە پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووری لە 1%ـەوە بۆ 0.5% کەمکردەوە.
کاتێرا رایش، وەزیری ئابووریی ئەڵمانیا رایگەیاند، جەنگی ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی وزە گەشەی ئابووریی وڵاتەکەی پەکخستووە و گوتی: "ئەم شۆکە جیۆپۆلیتیکییانە رێگرن لە بوژانەوەی ئابووری."
هاوکات دان جۆرگنسن، کۆمیسیاری وزەی یەکێتیی ئەوروپا هۆشداری دا کە ئەورووپا لەبەردەم "مانگ و ساڵانێکی زۆر سەختدا"یە و رایگەیاند، ئەم قەیرانە لە قەیرانی وزەی ساڵی 1973 و 2022ش مەترسیدارترە.
نەوت وەک چەکی سیاسی
بەرپرسانی کازاخستان پێیانوایە رووسیا دەیەوێت لە رێگەی راگرتنی نەوتەوە گوشار بخاتە سەر ئەڵمانیا، چونکە بەرلین گەورەترین دابینکەری چەکە بۆ ئۆکراینا.
ئەڵمانیا رۆژانە 43 هەزار بەرمیل نەوتی کازاخستانی لە رێگەی ئەم بۆرییەوە پێدەگات.
هەرچەندە دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین دەڵێت ئاگاداری بڕیارێکی لەوشێوەیە نییە، بەڵام سەرچاوە پیشەسازییەکان جەخت دەکەنەوە کە مۆسکۆ هۆشداریی داوە لەوەی لە یەکی ئایارەوە گواستنەوەی نەوت لەو بۆرییەوە رادەگیرێت.
ئەم ئاڵۆزییانە وایکردووە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ نزیکەی 100 دۆلاربەرزبێتەوە، کە لە سەرەتای جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و داخستنی تەنگەی هورمزەوە، نرخەکەی بە رێژەی 37٪ زیادی کردووە.
بۆریی نەوتی "دروژبا" یەکێکە لە درێژترین و گەورەترین تۆڕەکانی گواستنەوەی نەوت لەجیهاندا، کە لە رووسیاوە دەستپێدەکات و نەوت دەگەیێنێتە ئەڵمانیا، پۆڵەندا،هەنگاریا، سلۆڤاکیا و چیک.
ئەڵمانیا پێشتر بۆ دابینکردنی سووتەمەنی پشتی بەنەوتی رووسیا دەبەست، بەڵام دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە ساڵی 2022، بەرلین رووی لە نەوتی کازاخستان کرد تاوەکو چیدی نەوتی رووسیا نەکڕێت، بەڵام هێشتا بۆگواستنەوەی ئەو نەوتە پێویستی بە بۆرییەکانی ناو خاکی رووسیا هەیە.
پوتین پێشتریش بۆریی گازی "نۆرد ستریم"ی بۆ فشارخستنە سەر ئەوروپا بەکارهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ