رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی پەنەما سەرکۆنەی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەک لەلایەن ئێرانەوە دەکات، کە ئاڵای ئەو وڵاتەی لەسەر بووە، لە کاتی تێپەڕبوونی بە تەنگەی هورمزدا.
رۆژی چوارشەممە، 23ـی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی پەنەما لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کەشتییەکە ناوی (MSC Francesca)ـە و خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیایەکی ئیتاڵی دەگەڕێتەوە، رۆژی چوارشەممە "بە زۆر" براوەتە نێو ئاوە هەرێمییەکانی ئێران. پەنەما تاران بە "پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان" تۆمەتبار دەکات.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی پەنەمادا هاتووە، دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییە "هێرشێکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایشی دەریاوانی و پەرەسەندنێکی ناپێویستە" لە ناوچەکەدا. پەنەما دەستبەسەرداگرتنەکەی بە نایاسایی ناوبردووە.
پەنەما خاوەنی یەکێک لە گەورەترین تۆمارە تهكنیكییهكانی کەشتییە لە جیهاندا. بەگوێرەی ئامارەکانی ساڵی 2024ی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، نزیکەی 16٪ی هەموو کەشتییەکانی جیهان بە ئاڵای پەنەماوە لە دەریا و زەریاکاندا هاتووچۆ دەکەن.
رۆژی 22ـی ئەم مانگە، سەرچاوە ئەمنییە دەریاییەکان و دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) رایانگەیاند، سێ کەشتی لە تەنگەی هورمز لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئێرانەوە تەقەیان لێکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ