ئیندۆنیزیا لە پێشنیازی وەرگرتنی باج بۆ تێپەڕبوون بە تەنگەیەکی گەورەی جیهان پەشیمان بووەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پوربایا یودهی سادیوا، وەزیری دارایی ئیندۆنیزیا رایگەیاند، وڵاتەکەی پلانی هەیە سیستمێک بۆ وەرگرتنی پارە لەو کەشتییانە دابنێت کە بە تەنگەی مالاکادا تێدەپەڕن، دواتر بەخێرایی لە بیرۆکەکەی پاشگەز بووەوە.
 
وەزیرەکە رایگەیاندبوو، ئیندۆنیزیا بەنیازە ئەم سیستمە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ جێبەجێ بکات، ئەوەش لە چوارچێوەی دیدگای پرابۆوۆ سوبیانتۆی سەرۆکی وڵاتەکە بۆ بەهێزکردنی رۆڵی ئیندۆنیزیا لە بازرگانیی جیهانیدا.
 
بەڵام بیرۆکەکەی سادیوا کورتخایەن بوو، دوای چەند کاژێرێک لە قسەکانی سەرەتای رایگەیاند، "خۆزگە دەکرا وابێت، بەڵام دۆخەکە بەم شێوەیە نییە".
 
وەزیری دارایی ئیندۆنیزیا رایگەیاندبوو، پلانەکە هێشتا لە قۆناخی سەرەتاییدایە و رەنگە بەم زووانە جێبەجێ نەکرێت، چونکە رێککەوتن لەگەڵ وڵاتان زەحمەتە و ئەگەر هەیە کاردانەوەی تووندی بەدوادا بێت، بەتایبەتی بەهۆی دۆخی ئێستای هورمزەوە.
 
بەشێکی بیرۆکەکەی سادیوا لە پلانەکەی ئێرانەوە سەرچاوەی گرت کە بەنیازە باج لەو کەشتییانە وەربگرێت کە بە تەنگەی هورمز تێدەپەڕن و پێیوایە ئەمە داهاتێکی زۆری دەبێت.
 
پار 102 هەزار و 525 کەشتی بە تەنگەی مالاکا هاتووچۆیان کردووە و یەکەمجارە ژمارەکە 100 هەزار کەشتی تێپەڕێنێت، بەوەش 8.72٪ زیادبووە بەراورد بە 2024.
 
تەنگەی مالاکا گەورەترین رێڕۆی بازرگانیی نەوتیشە لە جیهاندا و رۆژانە 23.2 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێدەپەڕێت.
 
تەنگەکە کەوتووە خاکی وڵاتانی ئیندۆنیزیا، مالیزیا و سەنگاپوورە. 
 
لەلایەکی دیکەوە ڤیڤیان بالاکریشنان، وەزیری دەرەوەی سەنگاپوورە گوتی، شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گرنگیی خاڵە دەریاییەکانی بۆ تێپەڕبوون دەرخستووە، بەڵام وڵاتەکەی بەشداریی هیچ هەوڵێک ناکات بۆ داخستن، رێگریکردن یان سەپاندنی باج بەسەر ئەو کەشتییانەی پێیدا تێدەپەڕن.
 
تەنگەی مالاکا، زەریای هیندی و ئارام بەیەکەوە دەبەستێتەوە و بە کورتترین رێگەی دەریایی لەنێوان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا دادەنرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لیندزی گراهام، سێناتۆری دیاری پارتی کۆماری لە ئەمریکا

لیندزی گراهام: دەکرێ گەمارۆی دەریایی سەر ئێران بەم زووانە ببێتە جیهانی

لیندزی گراهام، سێناتۆری دیاری پارتی کۆماری لە ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینی دەکات گەمارۆ دەریاییەکەی وڵاتەکەی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران فراوانتر بێت و "بەم زووانە هەموو جیهان بگرێتەوە."