رووداو دیجیتاڵ
بەپێی توێژینەوەیەکی بەریتانی کە پشت بە تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد دەبەستێت، ژنان لە کاتی ئۆتۆمبێل لێخوڕیندا زۆر لە پیاوان دڵخۆشترن و دوو هێندەی ئەوان زەردەخەنە دەکەن.
زانایان سیستمێکی ژیریی دەستکردیان بەکارهێناوە بۆ چاودێریکردنی رووخساری 30 شۆفێر لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا. سیستمەکە چاودێریی 468 خاڵی جیاوازی لەسەر دەموچاوی شۆفێرەکان کردووە، بەتایبەتی جووڵەی ئەو ماسوولکانەی پەیوەندییان بە دڵخۆشی و پێکەنینەوە هەیە.
دواتر زانایان ئەنجامەکەیان کردە پێوەرێک بە ناوی "زەردەخەنە لە یەک کاژێردا".
ئەنجامەکان چی بوون؟
• ژنان: تێکڕا لە یەک کاژێری شۆفێریدا 337 جار زەردەخەنەیان کردووە.
• پیاوان: تێکڕا لە یەک کاژێری شۆفێریدا 171 جار زەردەخەنەیان کردووە.
دانکان ویلیەمز، دەروونناس دەڵێت، ئەم پێوەرە بۆ ئەوە نییە بزانین کێ شۆفێرێکی باشترە، بەڵکو بۆ ئەوەیە بزانین کێ بەڕاستی چێژ لە لێخوڕین دەبینێت و لە دڵەوە زەردەخەنە دەکات.
زانایان روونیان نەکردووەتەوە بۆچی ژنان لە کاتی شۆفێریکردندا لە پیاوان دڵخۆشترن.
کێ ئەم توێژینەوەیەی کردووە؟
کۆمپانیای فیات بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێل ئەم توێژینەوەیەی کردووە.
کۆمپانیاکە دەیەوێ بڵێ، ئۆتۆمبێل تەنیا خێرایی و هێز نییە، بەڵکو ئەوە گرنگە کە شۆفێرەکە لە کاتی لێخوڕیندا چەندە هەست بە ئارامی و دڵخۆشی دەکات.
زانیاریی دیکەی توێژینەوەکە:
• جۆری بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکە (کارەبایی بێت یان هایبرید) هیچ جیاوازییەکی نەبووە و هەردووکیان وەک یەک شۆفێرەکەیان دڵخۆش کردووە.
• رەنگی ئۆتۆمبێلەکە کاریگەری لەسەر زەردەخەنەی شۆفێرەکان نەبووە (هەرچەندە پێشتر کۆمپانیای فیات بڕیاری دابوو دروستکردنی ئۆتۆمبێلی رەنگ خۆڵەمێشی رابگرێ، بۆ ئەوەی رەنگی گەشتر بەکاربهێنێت و ژیان رەنگاوڕەنگتر بکات).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ