رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا داوای رێککەوتنێکی نێوان روسیا و ئەمریکای کرد کە ئەوە دەستەبەر بکات هیچ لایەکیان دەست نەخەنە کاروباری ئینتەرنێتیی هەڵبژاردنەکانی یەکدییەوە.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رۆژی هەینی 2020/09/25 لە راگەیێندراوێکدا بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە 3ـی تشرینی دووەم داوای دووبارە رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکای کرد.
پووتین ئاماژەی بەوە دا کە بۆ رێگریکردن لە هەر رووداوێک لە کایەی ئینتەرنێتیی یەکدیدا رێککەوتنێکی لەنێوان هەردوو وڵاتدا دەوێت.
ڤلادیمیر پووتین رایگەیاند، "[پێشنیاز دەکەم] دەستەبەری ئەوە بکەین کە دەست لە کاروباری ناوخۆی یەکدیدا وەرنەدەین. لەوانە پرۆسەکانی هەڵبژاردن، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندی و شێوازە تەکنەلۆجییە بەرزەکان."
پەیوەندییەکانی مۆسکۆ لەگەڵ واشنتن لەدوای جەنگی ساردەوە روویان لە نزمی کردووە، بە تیابەتی کاتێک هەڵبژاردنەکان دەستپێدەکەن.
دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە رووسیا بە ئامانجی گۆڕینی ئەنجامەکان لە بەرژەوەندیی دۆناڵد ترەمپ دەستی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2016ی ئەو وڵاتەدا هەبووە، لەوانە هاککردنی هەڵمەتی هیلاری کلینتۆنی رکابەری ترەمپ، بەڵام مۆسکۆ ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە.
ترامپ لە ئێستادا هەڵمەتی دووبارە هەڵبژاردنەوە خۆی دژی جۆ بایدنی بەربژێری دیموکراتەکان بەڕیوەدەبات.
لە راگەیێندراوەکەی کرملیندا هاتووە، "یەکێک لە تەحەدا ستراتیژییە سەرەکییەکانی سەردەمی ئێمە مەترسیی رووبەڕووبوونەوەی بەرفراوانە لەنێو دیجیتاڵدا."
کریملین ئاماژی بەوە داوە، "ئێمە دەمانەوێت جارێکی دیکە بە پێشنیازێک داوا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکەین بۆ پەسندکردنی بەرنامەیەکی گشتگیری رێوشوێنە کردەییەکان بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانمان لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندیکردن (ICT)."
پووتین پێشنیاری کرد هەردوو وڵات بگەنە رێککەوتنێک بۆ رێگەگرتن لە رووداوی گەورەی سایبەرسپەیس کە بە پەیماننامەی ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەتی ساڵی 1972 بەراوردی کرد کە لە لووتکەی جەنگی سارددا پێی گەیشتن بۆ ئەوەی رووداوە دەریایی و ئاسمانییەکان بەرەو زیادبوون نەبەن.
هەروەها سەرۆکی رووسیا داوای لە هەردوو وڵات کرد کە هێڵی پەیوەندیی نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانیان لەسەر کێشە ئەمنییەکان بەتەواوی بگەڕێننەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر زانیارییە سەرەکییە نێودەوڵەتییەکان.
رووسیا رەتی کردەوە کە هەوڵ بدات دەست لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ساڵی 2020ـی ئەمریکا وەربدات.
مایکرۆسۆفت دوو هەفتە لەمەوبەر گوتی هاککەرەکانی سەر بە رووسیا ، چین و ئێران هەوڵیانداوە سیخوڕی بەسەر ئەو کەسانەوە بکەن کە نزیکن لە هەردوو بەربژێرەکەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، رووسیا و چین ئەو دەنگۆیانەیان رەتکردەوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە 9ی ئەیلوولدا رایگەیاند کە مایکرۆسۆفت یەکێک لە دەزگا ڕاوێژکارییە سەرەکییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی بایدنی ئاگادار کردووەتەوە کە لەلایەن هاککەرە گومانلێکراوەکانی سەر بە رووسیاوە کراوەتە ئامانج. هاوکات کرملین راپۆرتەکەی بە "بێمانا" ناو برد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ