رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، ئەمریکا و ئیسرائیل پیلانیان هەبوو هەل بۆ دزەکردنی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوا و سنوورەکانی باشووری رۆژهەڵاتەوە بۆ ناو ئێران بڕەخسێنن، بەڵام پیلانەکەیان بە هاوکاریی وڵاتانی دراوسێ شکستی هێنا. پزشکیان هەروەها بەهۆی هەڵوێستیان لە کاتی جەنگدا، سوپاسی پاکستان، ئەفغانستان و عێراق دەکات.
رۆژی یەکشەممە، 17ی ئایاری 2026، نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران بڵاویکردەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لە تاران لەگەڵ موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان کۆبووەوە و گفتوگۆیان کرد.
بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکە، پزیشکیان لەم دیدارەدا رایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل لە کاتی جەنگی 40 رۆژەدا بە نیازی ئەوە بوون "چەندین گرووپی چەکدار لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوا و باشووری رۆژهەڵاتەوە" بنێرنە ناو خاکی ئێران، بەڵام وڵاتانی دراوسێی ئێران رێگەیان نەدا خاکیان بۆ ئەم مەبەستە بەکاربهێنرێت و پیلانەکە شکستی هێنا.
مەسعود پزیشکیان گوتی: "دوژمنان هەوڵیان دەدا بە پاڵپشتیی دارایی، زانیاری و چەکداری لە تاقمە تیرۆریستییەکان، نائارامی بگوازنەوە بۆ ناو وڵات، بەڵام هاوکاری و هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی دراوسێکانی ئێران بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە خراپ بەکارهێنانێکی خاکیان دژی وڵاتەکەمان، هەنگاوێکی بەنرخ و شایەنی دەستخۆشییە."
گوتیشی: "لەو چوارچێوەیەدا، لە ناخی دڵمەوە سوپاسی حکومەتەکانی پاکستان، ئەفغانستان و عێراق دەکەم کە رێگەیان نەدا لە خاکی ئەوانەوە هیچ کردەوەیەک لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجام بدرێت."
پزیشکیان بە ئاماژەدان بە ئامانجە سەرەکییەکانی هێرش بۆ سەر ئێران، رایگەیاند: "ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی لە هێرش بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، دروستکردنی ناسەقامگیریی ناوخۆیی و هەوڵدان بۆ لاوازکردن و رووخاندنی دەسەڵات بوو، بەڵام ئەوان هەرگیز بیریان لەوە نەدەکردەوە کە گەلی گەورە، بەڕێز و هۆشیاری ئێران تاوەکو ئەم ئاستە بە یەکگرتوویی، هێز و وەفادارییەوە لە پاڵ وڵاتەکەیان بوەستن و بۆ پاراستنی کۆماری ئیسلامی و بەرەنگاربوونەوەی زۆرداری، بەم جۆرە بە بەرفراوانی لە گۆڕەپانەکەدا ئامادە بن."
مەسعود پزیشکیان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پەسنی ئەو ئاسانکاری و رێوشوێنانە دەدات کە لەلایەن حکومەتی پاکستانەوە لە بواری بازرگانیی سنووری لەگەڵ ئێران و هاوکارییە ئابوورییەکاندا گیراونەتەبەر و دەڵێت، رەوتی گەشەسەندنی هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەتوانێت زیاتر لەوەی هەیە پەرە پێبدرێت.
پزیشکیان جەختی کردەوە: "سەرەڕای هەموو زیان و تێچووەکانی جەنگ، ئەم گۆڕانکارییانە بوونەتە هۆی نزیکبوونەوەی زیاتری ئێران و پاکستان و ئێستا دەرفەتێکی گونجاو رەخساوە تاوەکو ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بوارەکانی ئابووری، زانستی، کولتووری و ناوچەییدا زیاتر گەشە بکات؛ رەوتێک کە دەتوانێت ببێتە هەوێنێک بۆ بەهێزکردنی ئاشتی، کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەرزکردنەوەی پەیوەندییە بنیاتنەرەکان لەنێوان گەلانی ناوچەکەدا."
پزیشکیان ئاماژەی بە سیاسەتی ئێران بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت وڵاتانی کەنداو کردەوە و روونیکردەوە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران خوازیاری پەیوەندییەکی دۆستانە، بەردەوام و لەسەر بنەمای دراوسێیەتییەکی باشە لەگەڵ هەموو وڵاتانی ئیسلامیی ناوچەکە، بەڵام ئەمریکا و رژێمی زایۆنی هەمیشە هەوڵیان داوە لەرێگەی پڕۆژە ئاژاوەگێڕییەکانیان و دروستکردنی بێمتمانەیی، وڵاتانی ئیسلامی بەرامبەر یەکتر بوەستنەوە."
سەرۆککۆماری ئێران داوای بەهێزکردنی هاوکاری لە نێوان وڵاتە گەورەکانی جیهانی ئیسلام بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکە دەکات و دەڵێت، لە سایەی یەکگرتوویی و تەبایی ئیسلامیدا، رژێمی زایۆنی هەرگیز ناتوانێت و ناوێرێت دەستدرێژی بکاتە سەر وڵاتانی ئیسلامی.
رۆژی شەممە، 16ی ئایاری 2026، موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان بە سەردانێک گەیشتە تاران و لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران کۆبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ