رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی پاریس رایگەیاند، نزیکەی 10 قوربانیی نوێ لە لێکۆڵینەوەکانی فەرەنسادا سەبارەت بە تۆڕی جێفری ئێپستین، تاوانباری سێکسیی کۆچکردووی ئەمریکی، خۆیان ئاشکرا کردووە.
رۆژی یەکشەممە، 17-05-2026، لۆر بێکۆ، داواکاری گشتیی پاریس رایگەیاند، دوای ئەوەی لە مانگی شوباتدا داوای لە قوربانییەکان کرد قسە بکەن، نزیکەی 20 قوربانی خۆیان ئاشکرا کردووە.
بێکۆ بە رادیۆی (RTL)ـی راگەیاند، هەندێکیان پێشتر لای لێکۆڵەران ناسراو بوون، "بەڵام قوربانیی نوێشمان هەبوو کە خۆیان دەرخست و ئێمە هەرگیز نەمانناسین. ژمارەیان نزیکەی 10 کەسە."
دوای ئەوەی وەزارەتی دادی ئەمریکا لە مانگی کانوونی دووەمدا دوایین بەشی دۆسیەکانی لێکۆڵینەوەی پەیوەست بەو ملیاردێرەی بڵاوکردەوە، کە لە ساڵی 2019 لە زینداندا کۆچی دوایی کرد، فەرەنسا دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.
داواکاری گشتیی پاریس رایگەیاند، "ئەوەی کە لەم قۆناخەدا گرتوومانەتەبەر، گوێگرتنە لەم قوربانیانە. ژمارەیەکیان لە دەرەوەی وڵاتن، بۆیە لێکۆڵەران هەوڵدەدەن کۆبوونەوەکان رێکبخەن."
بێکۆ گوتیشی، لێکۆڵەران خەریکی وردبینیین لە "دۆسیەکانی ئێپستین" و بەدوای هەر ناوێکدا دەگەڕێن کە لەلایەن قوربانییەکانەوە باسکرابێت. گوتی، "کۆمپیوتەر، تۆماری تەلەفۆن و ناونیشانەکانی ئێپستینمان هێناوەتەوە" و داوای "هاوکاریی نێودەوڵەتی" دەکەن.
لێکۆڵەرانی فەرەنسی لە ئەیلوولی 2019ـدا پشکنینیان بۆ شوقە شاهانەکەی ئێپستین لە پاریس کردبوو، زیاتر لە مانگێک دوای ئەوەی لە قاوشی زیندانەکەیدا لە نیویۆرک بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە.
بێکۆ ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا "هیچ کام لەو کەسانەی کە رەنگە تێوەگلابن، لێپرسینەوەیان لێنەکراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ