رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆس دەڵێت، سەرۆکی ئەمریکا و تیمە ئەمنییەکەی رۆژی سێشەممە کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بژاردەکان هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران تاوتوێ بکەن.
هەر ئەمشەو یەکشەممە، 17ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی ئێران بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد.
ترەمپ بە تەلەفۆن بە ئەکسیۆسی گوتووە، "خەریکە کاتی ئێران تەواو دەبێت" و ئەگەر تاران مەرج و داواکارییەکانی نەگۆڕێت، ئەوا "زۆر خراپتر لێیان دەدرێت."
سەرۆکی ئەمریکا ئەمشەو لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵیشدا هۆشداریی بە ئێران دا و داوای لێ کرد پەلە بکات لە پەسندکردنی پێشنیازی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئاشتی، "ئەگەرنا هیچیان لێ نامێنێت."
ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە باس لەوە دەکات، ترەمپ رۆژی شەممەش لە یاریگەی گۆڵفەکەی لە ڤێرجینیا لەگەڵ تیمەکەی کۆبووەتەوە، لەنێویاندا ستیڤ ویتکۆف، نێردەی کۆشکی سپی؛ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە و جۆن راتکلیف، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سی ئای ئەی.
رۆژی شەممە و یەکشەممە، وەزیری ناوخۆی پاکستان لە تاران بوو بۆ قسەکردن لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی ئێران و تاوتوێکردنی رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
رۆژی یەکشەممە، محەممەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر قسەی لەگەڵ هاوتا پاکستانییەکەی و وەزیری دەرەوەی ئێران کرد.
ترەمپ بە ماڵپەڕە هەواڵییە ئەمریکییەکەی گوتووە، ئێران هێشتا رێککەوتنی دەوێت و کۆشکی سپیش چاوەڕێی پێشنیازێکی نوێیە لە ئێران کە بە گوتەی خۆی، دەبێت لە دوایین پێشنیاز کە چەند رۆژێک لەمەوبەر خرایە روو، باشتر بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ