رووداو دیجیتاڵ
سەتان خوێندکاری بەشی پزیشکی لە رووسیا بۆ هاوکاریکردنی کارمەندانی چاودێریی تەندروستی و بە تایبەتیش بەشی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە و کلینیکەکان دەستیان بە کار کرد.
نزیکەی 300 خوێندکاری زانکۆ پزیشکییەکان لە هەرێمی سامارا لە یەکەکانی چاودێریی چڕ، ئەمبوڵانس و کلینیک دەستیان بە کارکرد. ئەو خوێندکارانە لە هەمان کاتدا سەرقاڵی خوێندنی زانکۆن کە ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بە شێوەی ئۆنلاین دەخوێنرێت.
بەرپرسانی رووسیا 16 هەزار و 521 تووشبووی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لە تەواوی وڵاتدا راگەیاند، بەوەش کۆی گشتیی تووشبوون لەو وڵاتە لە ملیۆن و نیوێک نزیک دەبێتەوە.
دەسەڵاتدارانی رووسیا زۆربەی رێکارەکانی پەیوەست بە ڤایرۆسەکەیان لە هاویندا هەڵگرت و گوتیان هیچ پلانێکی دەستبەجێ بۆ سەپاندنی رێکاری نوێ، قەدەخەی هاتووچۆ یان داخستنی شوێنە بازرگانییەکان نییە.
لە هەندێک هەرێمی رووسیا بەرپرسان داوایان لە بەساڵاچووان کرد کە خۆیان کەرەنتین بکەن و داواش لە خاوەنکارەکان دەکەن کە بە لایەنی کەمەوە بەشێک لە کارمەندەکانیان لە ماڵەوە کاربکەن.
چەندین هەرێم یانەکانی شەوانەیان داخستن و کاژێرەکانی کارکردنیان لە چێشتخانە و باڕەکاندا سنووردار کردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ