رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژێکی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا دەڵێ، حکومەتی وڵاتەکەی بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریی پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە بەهێزکردنی پێشمەرگە وەک هاوبەشێکی دێرین.
ئاسایشی هەرێمی کوردستان و جەنگی ناوچەکە
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل کاریگەری لەسەر ناوچەکە هەبووە، لەوانەش لەسەر هەرێمی کوردستان.
24ی ئەم مانگە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مووشەک هێرشی کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر و لە ئەنجامدا 6 پێشمەرگە شەهید بوون و 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.
ئەوە لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان بەردەوام جەختی لەوە کردوەتەوە، بە هیچ شێوەیەک بەشێک نییە لەم جەنگە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا گوتی: "بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی فیدراڵی دوای دەستپێکردنی جەنگ، تیشکی خستە سەر ئەو ناسەقامگیرییەی لەلایەن ئێرانەوە بۆ ناوچەکە دروست دەکرێ. وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق بە وردی و نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری دەکات".
پەیوەندییەکانی سوپای ئەڵمانیا و پێشمەرگە
ئەو گوتەبێژە گوتی، سەقامگیریی ناوچەکە بۆ ئەڵمانیا گرنگە و رایگەیاند: "ئەڵمانیا لە ڕێگەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و لە چوارچێوەی پابەندییە نێودەوڵەتییەکانیدا بەشدار دەبێت، هەروەها لە ڕێگەی دیپلۆماسی و پڕۆژەکانەوە کار بۆ گەشەپێدانێکی ئاشتییانە و سەقامگیر و هەروەها چارەسەرکردنی ململانێکان دەکات."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشکرد: "حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی، لەنێویشیاندا لە هەرێمی کوردستانی عێراق، لە پەیوەندییەکی نزیکدایە. پەیوەندییەکانی سوپای ئەڵمانیا لەگەڵ پێشمەرگە زۆر باشن، کە لە ئەنجامی هاوکاریی چەندین ساڵە بنیات نراون و بەهێز کراون. ئامانجی ئەڵمانیا بەهێزکردنی هەمیشەیی پێشمەرگەیە وەک کاراکتەرێکی گرنگی بواری ئاسایش".
گوتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بەوە کرد کە پڕۆژەکانیان بوارە جیاوازەکان دەگرێتەوە، لەوانەش رادەستکردنی نەخۆشخانەیەک بە پێشمەرگە لە چەند مانگی رابردوودا و پێشکەشکردنی راوێژی پزیشکیی سەربازی کە ماوەی 10 ساڵە بەردەوامە.
ئەو گوتەبێژە دووپاتی کردەوە کە سەرەڕای ئاڵنگارییەکانی ئێستا، بە نیازن بەردەوام بن لە هاوکارییەکان و لەم ساڵدا پڕۆژەی نوێ بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ