رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان لە شەوی رابردوودا رووبەڕووی هێرشێکی "زۆر بەرفراوان"ـی ئۆکراینا بوونەتەوە و زیاتر لە 550 درۆنیان تێکشکاندووە. بەرپرسانی مۆسکۆش دەڵێن، بەهۆی هێرشەکانەوە سێ کەس کوژراون.
رۆژی یەکشەممە 17ی ئایاری 2026، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، رێگرییان لە 556 درۆنی ئۆکراینی کردووە و لەنێویان بردوون."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگری، ئۆکراینا لە رێگەی درۆنەکانەوە هێرشی کردووەتە سەر ئاسمانی زیاتر لە 10 ناوچەی جیاوازی ناو خاکی رووسیا، بەڵام بەرگریی ئاسمانی توانیویەتی زۆربەی ئەو درۆنانە پێش پێکانی ئامانجەکانیان لە ئاسماندا بخاتە خوارەوە.
ئاندرێ ڤۆرۆبیۆڤ، پارێزگاری مۆسکۆ لە هەژماری خۆی لە تێلیگرام وردەکاریی زیانەکانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "درۆنێک بەر خانوویەک کەوتووە، بەهۆیەوە ژنێک کوژراوە، هەروەها دوو پیاوی دیکەش بەهۆی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکان گیانیان لەدەستداوە."
پارێزگاری مۆسکۆ ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا لە ئاسمانی ناوچەکەی ئەواندا 74 درۆن تێکشکێنراون، بەڵام بەهۆی پاشماوەی درۆنەکان و هێرشەکانەوە، 12 کەسی دیکە بریندار بوون.
ئەم هێرشە بەرفراوانانەی مۆسکۆ و کیێڤ دوای ئەوە دێن کە ئاگربەستێکی سێ رۆژە، کە بۆ مەبەستی ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکان لە نێوانیاندا راگەیێندرابوو، رۆژی سێشەممەی رابردوو کۆتاییهات و جارێکی دیکە پێکدادانەکان بە چڕی دەستیان پێکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ