رووداو دیجیتاڵ
ئانا کێلی، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێشتا چارسەری دیپلۆماسی پێ باشترە لە دەستپێکردنەوەی جەنگ دژی ئێران.
لە کاتێکدا ترەمپ بێزار بووە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران، بەرپرسانی ئیدارەکەی چاویان لەوە بوو کە سەردانەکەی بۆ چین ببێتە هۆی پێشکەوتنێکی گەورە، بەڵام رۆژی هەینی ترەمپ بێ هیچ ئەنجامێک گەڕایەوە ئەمریکا.
ترەمپ لە رێگەی گەڕانەوەیدا بە رۆژنامەڤانانی گوتبوو کە شی جینپینگ، سەرۆکی چین دەیەوێت گەرووی هورمز بکرێتەوە و هاوڕایە کە نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت. بەڵام ئەمە هەمان هەڵوێستی پێشووی چین بوو.
ئێستا ترەمپ دەبێت بڕیار بدات ئایا دەستپێکردنەوەی هێرشەکان باشترین بژاردەیە بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە 6 هەفتەی تێپەڕاندووە، نرخی بەنزینی لە ئەمریکا گران کردووە و ئاستی جەماوەریی سەرۆکەکەی دابەزاندووە.
بەپێی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن، ناکۆکی لە نێو ئیدارەی ئەمریکادا هەیە. بەرپرسانی پێنتاگۆن داوای هێرشی تووندتر دەکەن، بەڵام هەندێکی دیکە داوا دەکەن دانوستاندن بەردەوام بێت. سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکان، ئێران ئامادە نییە سازش لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم بکات و ترەمپیش دوایین پێشنیازی ئێرانی رەتکردەوە و گوتی: "سەیرم کرد، ئەگەر دێڕی یەکەمم بەدڵ نەبێت، فڕێی دەدەم."
گوشاری ئابووری و هەڵبژاردنەکان
داخستنی تەنگەی هورمز ترەمپی بێزار کردووە. نرخی نەوت و گاز بەرزبووەتەوە، هەڵئاوسان زیادی کردووە و کۆمپانیاکانی وۆڵ ستریت گوشاریان خستووەتە سەر کۆشکی سپی کە بەپەلە جەنگەکە رابگرن، ئەوەش لە کاتێکدایە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێسی ئەمریکا نزیک دەبنەوە.
نرخی یەک گالۆن بەنزین لە ئەمریکا 4.50 دۆلاری تێپەڕاندووە. راوێژکارێکی ترەمپ دەڵێت: "کاتێک بە شەقامدا دەڕۆم و دەبینم بەنزین بووەتە 5 دۆلار، زۆر دەترسم." گوتیشی: "ئەوان هەوڵ دەدەن رێگەیەک بدۆزنەوە، بەڵام ئەمە زۆر ناخایەنێت. بە هەر شێوەیەک بێت، دەبێت تەنگەی هورمز بکەنەوە."
بەڵام ترەمپ رایگەیاندووە کە بیر لە دۆخی دارایی ئەمریکییەکان ناکاتەوە، بەڵکو تەنیا بیر لەوە دەکاتەوە کە "رێگە نەدەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، تەنیا ئەمە پاڵنەرمە بۆ کارکردن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ