ترەمپ جارێکی دیکە هێرش دەکاتە سەر پارێزگاری لەندەن

28-07-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە سکۆتلەندا و لە تەنیشت کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر سادق خان، پارێزگاری لەندەن، بەڵام ستامەر قسەکانی بە ترەمپ بڕی و گوتی کە خان "هاوڕێی"ـەتی.
 
رۆژی دووشەممە 28ی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سکۆتلەندا لەگەڵ کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کۆبووەوە و دواتر کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیان کرد.
 
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکدا کە ئایا نیازی هەیە لە سەردانێکی فەرمیدا لە مانگی ئەیلوول بێتە لەندەن، ترەمپ بە بەڵێ وەڵامی دایەوە، بەڵام دواتر گوتی، "من هەواداری پارێزگارەکەتان نیم. پێموایە کاری زۆر خراپی کردووە."
 
ترەمپ هەروەها گوتیشی، "پارێزگاری لەندەن... کەسێکە نەخۆشە." بەڵام قسەکانی ترەمپ، ستامەری ناچار کرد بڵێت، "لە راستیدا، ئەو [پارێزگاری لەندەن] هاوڕێی منە."
 
بەڵام ترەمپ سووربوو لەسەر بۆچوونەکەی لەبارەی خان و گوتی، "پێموایە کاری زۆر خراپی کردووە. بەڵام بێگومان سەردانی لەندەن دەکەم."
 
سادق خان ئەندامی پارتی کاری بەیتانیایە، کە پارتەکەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیایە.
 
لە سەرەتای ئەم ساڵ، لە سەروبەندی گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، خان گوتارێکی نووسی و هۆشداریی دا لەبارەی "پۆپۆلیستە کۆنەپەرستەکان"ـی رۆژئاوا، کە بە گوتەی ئەو "ئاڵنگارییان" بۆ پێشکەوتنخوازان دروستکردووە.
 
لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتیشیدا، خان دوای ئەوەی دژی بڕیاری قەدەخەی گەشتی ئەمریکا بۆ سەر هاووڵاتییانی چەند وڵاتێکی موسڵمان قسەی کرد، کەوتە نێو شەڕە قسەوە.
 
ئەوکات ترەمپ، خانی بەوە تۆمەتبار کرد کە "کاری زۆر خراپی لە بواری تیرۆردا کردووە"، و بە "دۆڕاو" و "گەمژە" ناویبرد.
 
سادق خان یەکەم پارێزگاری موسڵمانی پایتەختێکی رۆژئاوایی بوو کاتێک لە ساڵی 2016 بۆ یەکەم جار هەڵبژێردرا. 
 
لە پۆدکاستێکدا کە پێش هەڵبژاردنەوەی ترەمپ لە 5ی تشرینی دووەمی 2024 تۆمار کرابوو، خان ترەمپی بەوە تۆمەتبار کرد کە بەهۆی رەنگی پێستییەوە هێرشی کردووەتە سەر.
 
خان لەو بارەیەوە گوتی، "با راشکاوانە بڵێین، ئەو بەهۆی نەتەوە و ئایینەکەمەوە رووی تێکردووم."
 
دوای هەڵبژاردنەوەی ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا، خان گوتی گەلی ئەمریکا "بە دەنگی بەرز و روون قسەی خۆی کردووە" و "پێویستە رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکان بگرین."
 
رۆژی دووشەممە، گوتەبێژێک بەناوی پارێزگاری لەندەن لە راگەیێندراوێکدا گوتی سادق خان "دڵخۆشە کە سەرۆک ترەمپ دەیەوێت بێتە مەزنترین شاری جیهان."
 
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، "[ترەمپ] ئەو کاتە دەبینێت کە چۆن فرەچەشنییەکەمان بەهێزترمان دەکات نەک لاوازتر؛ دەوڵەمەندترمان دەکات نەک هەژارتر."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی بریندارێکی هێرشەکەی سیدنیی ئوسترالیا و ئەو کوڕ و باوکەی پۆلیس دەڵێت هێرشەکەیان کردووە

کوڕ و باوکێکی بە رەچەڵەک پاکستانی هێرشەکەی سیدنیی ئوسترالیایان کردووە

لە ئەنجامی هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەی شاری سیدنیی ئوسترالیا، 16 کەس کوژران کە یەکێک لە کوژراوەکان هێرشکارەکە بووە. پۆلیس رایگەیاندووە، هێرشەکە لەلایەن باوک و کوڕێکەوە کراوە کە بە رەچەڵەک پاکستانین؛ باوکەکە لەکاتی هێرشەکەدا لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە، کوڕەکەش بە برینداری دەستگیر کراوە و دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە