رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی پرسی هاونیشتمانیان لە سووریا بە رووداوی راگەیاند، "نابێت کێشەی کورد لە سووریا بە رێگەی سەربازی چارەسەر بکرێت".
گوتێرێز لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا و لە وەڵامی نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک ئەو قسانەی کرد.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتێرێز گوتی، دانی پێدا دەنێت کە کوردانی سووریا مێژوویەکی چەوسانەوەیان هەیە و ئەوە راستییە.
سەبارەت بە داهاتووی سیاسیی سووریا و پێکەوەژیانی پێکهاتەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز پێیوایە کلیل و بنەمای چارەسەری کۆتایی لەوەدایە کە هەموو لایەک لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بەشدار بن. ئەو گوتی: "چارەسەر لە سووریا ئەوەیە کە هەموو پێکهاتەکان هەست بکەن نوێنەرایەتییان هەیە".
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پابەندیی رێکخراوەکەی بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد: "هەموو هەوڵێک دەدەین داکۆکی لە مافی نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی سووریا بکەین".
دەقی پرسیار و وەڵام لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان:
رووداو: سوپاس جەنابی سکرتێری گشتی بۆ ئەم کۆنفرانسە رۆژنامەوانییە. من نامۆ عەبدوڵڵام لە تۆڕی میدیایی رووداو. یەک پرسیارم هەیە. لە چەند هەفتەی رابردوودا، بینیمان هێزەکانی حکومەتی سووریا هێرشیان بۆ گرتنی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی کوردانی سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکراتدان، دەستپێکرد. ئەو ناوچانە پێشتر لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە لە دەستی داعش دەرهێنرابوون. کوردانی سووریا دەڵێن دەیانەوێت چەکەکانیان بۆ پاراستنی خاکەکەیان بهێڵنەوە چونکە گومانیان لەو هێزە نوێیانە هەیە کە لە دیمەشقە. پرسیارەکەم ئەوەیە، ئایا نابێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هەڵوێستی کورد تێبگات، بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی چەوسانەوەیان لەسەر دەستی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و جینۆسایدی ئێزدییەکان، و جۆرێک لە ئۆتۆنۆمییان پێ بدات تاوەکو بتوانن کاروباری ئاسایش و ناوخۆیی خۆیان لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا بەڕێوەببەن؟ سوپاس.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز: باشە، من هەندێک شت لەبارەی مێژووی کوردانی سووریا لە سەردەمی سەرۆک ئەسەد دەزانم. کاتێک من کۆمیساری باڵای پەنابەران بووم و بەرپرسیار بووم لە دۆسیەی بێوڵاتەکان، چەندین گفتوگۆی جدیمان هەبوو سەبارەت بەو راستییەی کە زۆربەی کوردانی سووریا بێ ناسنامە بوون و وەک هاووڵاتی لە سووریا نەدەناسران. بۆیە مێژوویەکی چەوسانەوەی کوردانی سووریا هەیە کە راستییە و منیش دانی پێدا دەنێم. بەڵام لە ئێستادا، پێموایە پێویستە پێش هەموو شتێک دان بەوەدا بنێین کە ئەم کێشەیە چارەسەر کراوە. حکومەت ئێستا مەرسوومێکی دەرکردووە کە رەگەزنامە دەبەخشێتە هەموو کوردانی سووریا. ئەمە چارەسەر بووە. پێموایە نابێت کێشەکە بە سەربازی چارەسەر بکرێت. پێموایە چارەسەرەکە ئەوەیە دامەزراوەیەک دروست بکرێت کە هەموو پێکهاتەکان هەست بکەن نوێنەرایەتییان دەکات و ئێمەش هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ داکۆکیکردن بەو ئاراستەیدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ