چالاکڤانانی ئەوروپا بە رێگەی جیاواز پشتگیری لە کۆچبەران دەکەن

29-06-2023
لهۆن نەسرەدین
ژمارەیەک چالاکڤان لە کەمپێکی پەنابەراندان هاوکارییان دەکەن
ژمارەیەک چالاکڤان لە کەمپێکی پەنابەراندان هاوکارییان دەکەن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چالاکڤانانی ئەوروپا بە رێگەی جیاواز پشتگیری لە کۆچبەران دەکەن؛ لەو چوارچێوەیەدا لە کتێبخانەیەکی بچووکەی نێو کەمپی پەناخوازن لە پاریسی فەرەنسا، هەوڵدەدرێت زمان و کولتووری فەرەنسی فێری منداڵانی پەناخواز بکرێت.
 
ئانە بابوت، بەڕێوەبەری کەمپی پەنابەران دەڵێت، "مەبەست لەم کتێبخانەیە تێکەڵکردن و ئاشناکردنی منداڵانە بە زمان و کولتووری فەرەنسی، بەتایبەتی ئەوانەی کە دایکیان یان باوکیان لە رێگەی هاتن بۆ ئەوروپا لەدەستداوە؛ ئێمە هەوڵدەدەین بنەمایەکی بەهێز بۆ منداڵەکانیان دروست بکەین."
 
لە ساڵی 2022دا سەرووی 130 هەزار کەس وەکو پەناخواز لە فەرەنسا ناویان تۆمار کردووە؛ بەشی زۆریان خەڵکی ئەفغانستانن کە بە رێگەی دەریا خۆیان گەیاندووەتە ئەوروپا، لەنێویاندا فەرەنسا.
 
لە ساڵی 2022 زیاتر لە 800 کۆچبەر و لە 2023دا دەیانی دیکە لە دەریای نێوەڕاست خنکان و بێسەروشوێن بوون؛ یەکێک لە هۆکارەکانی خنکانیان بەدەمەوە نەچوونی پاسەوانانی ئەوروپایە.
 
لە ساڵی 2014وە رێکخراوە ناحکومییەکان خزمەتگوزاریی ناسراو بە "تەلەفۆنی باری نائاسایی" بۆ رزگارکردنی کۆچبەران لە دەریای نێوەڕاست، پێشنیاز کرد و حکومەتەکانی ئەوروپاش پەسندیان کرد.
 
لە برۆکسل، چالاکڤان و لایەنگرانی کۆچبەران بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بێکەڵکیی ئەو خزمەتگوزارییە، چوونە بەردەم پەرلەمانی ئەوروپا.
 
سۆفیا، چالاکڤان و لایەنگری کۆچبەران ئاماژە بەوە دەکات، "هاتووینەتە بەردەم پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا تاوەکو بە بەرپرسانی ئەوروپی بڵێین دانانی خزمەتگوزاریی (تەلەفۆنی باری نائاسایی) هیچ سوودێکی بۆ کۆچبەران نییە، ئەمە چەواشەکارییە؛ پاسەوانان بەدەم تەلەفۆن و نامەی کۆچبەرانەوە نایەن، کوشتنی کۆچبەران بوەستێنن."
 
لە وەڵامی ئەو رەخنانە، پاسەوانی دەریاوانیی ئەوروپا دەڵێن، تەنیا لە ساڵی 2022دا زیاتر لە 11000 کۆچبەر و لە نیوەی ئەمساڵیشدا سەرووی 1000 کۆچبەریان لە دەریای نێوەڕاست لە خنکان رزگار کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە