گەنجێکی کورد: با گەورە بیربکەینەوە و ببینە بەشێک لە دنیا

29-09-2016
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن نەتەوەیەکگرتووەکان کورد
A+ A-

رووداو - هەولێر

کچێکی کورد لە سلێمانیەوە بەرەو نیویۆرک بە کۆمەڵێک خەونەوە دەڕوات، لەوێ لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ هەزار گەنج لە وڵاتانی جیاوازەوە پێکەوە گوێ لە پلانی گەورەترین رێکخراوی جیهانی دەگرن بۆ ساڵی 2030.

گردبوونەوەی نێودەوڵەتی گەنجان لە نەتەوە یەكگرتووەكان، چالاكیەكی نێودەڵەتییە و ساڵانە دووجار لە بارەگای سەرەكیی نەتەوەیەكگرتووەكان لەلایەن دەزگای باڵیۆزی هاوڕێیەتییەوە رێكدەخرێت. 

گردبوونەوەکە، گەنجانی سەركردە و بەتوانا، رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی، نوێنەرانی حكومەت و بەرپرسانی نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەموو دونیا كۆدەكاتەوە تاوەکو بەیەکەوە لەبارەی بیرۆكەی نوێ بۆ باشتركردنی ژیان لە سەر رووی زەوی گفتوگۆ بکەن.

بان کی مۆن سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت: "گردبوونەوەی ئەو گەنجانە نەک تەنیا دەرفەتێکە بۆ بەشداریان بەڵکو گەشەپێدانی کارەکانی ئێمەشە".

هەر لە گردبوونەوەی نێودەوڵەتییەکەدا باس لەوە دەکرێت چۆن كاربكەن بۆ سەرخستنی پلانی نەتەوەیەكگرتوەكان بۆ ساڵی 2030  و، رۆڵی گەنجان چۆن دیاریبكرێت و هانبدرێن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكانی ئەم پلانە.



هێژا حەسەن محەممەد خان، کچێکی گەنجی دانیشتووی شاری سلێمانییە، لە تەمەنی 17 ساڵییەوە خولیای كاركردنی هەبووە لەگەڵ رێكخراوەکانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی. ئەو، یەكێكە لە دەرچووانی پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی سەركردەی عێراقی بۆ ئەمریكا.

هێژا دەستپێشخەر بووە لە چەندین پرۆژەی پەرەپێدانی توانای گەنجان، گەشەپێدانی كۆمەڵگە و دەستکەوتی زۆر باشی لەو بوارەدا هەبووە. خەونی گەورەی هێژا سەربەخۆیی كوردستانە، بۆیە بڕوای وایە كوردستان پێویستی بە گەنجی بەتوانا هەیە کە کار بۆ ئەم ئامانجە بکەن.

ئەو کچە تەمەن25 ساڵە، دەڵێ بەشداریکردنەکەی دەرفەتێك و تاقیکردنەوەیەکی ناوازە بووە، توانیویەتی گەنجی كورد بە دنیا بناسێنێت و لەگەڵ گەنجانی دنیادا گفتوگۆ لەسەر كێشە جیاوازەكانی بكەن.

لە كاتێكدا كوردستان وەك وڵاتێكی سەربەخۆ دانی پێدا نەنراوە، ئەو لە یەكەم رۆژی كۆنفرانسەكە بە جلوبەرگی كوردی و ئاڵای كوردستانەوە چووە نێو بارەگای سەرەكیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك.

هێژا چاوی بە چەند كەسایەتییەكی دیاركەوت و باسی لە كێشەكانی كورد و ئامانجەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ساڵی 2030 كرد، لەو کەسانەی

  
چاوی پێکەوتن :كریشانتی ڤیگناراژا, بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە نووسینگەی خانمی یەكەم لە كۆشكی سپی، سیمۆنا مێكولیسك، نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان، شێری كوفمان، یەكێك لە سەركەوتووترین ژنە بازرگانەكانی دنیا و چەندەها كەسایەتی دیکە, هێژا خان وەك نوێنەری هەرێمی كوردستان سەردانی نوێنەرایەتی حوكمەتی ئەمریكای لە نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆریای باشوور و چەندین دامودەزگای دیکە كردووە.

هێژا بە بیر و بۆچوونەكانی و كارەكانی لە هەرێمی كوردستان سەرنجی سەرپەرشتیارانی كونفرانسەكەی راكێشا، لەرۆژنامەی هەفتینتینگ پۆستی ئەمریكی ناوی وەك یەكێك لە باشترین 10 بەشداربوو هات لە نێو زیاتر لە 1000 گەنجی بەشداربوو لە کۆنفرانسەکە.

هێژا پاش گەڕانەوەی راستەوخۆ دەستی بەکارکردن کردووە لەبارەی ئامانجەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و پاش پێشكەشكردنی سیمینارێك بۆ 75 خوێندكاری شاری سلێمانی ، هەستاون بە وەرگێڕانی ئامانجەكان بۆ زمانی كوردی بۆ ئەوەی گەنجانی كوردستان لێی تێبگەن و شانبەشانی وڵاتانی دنیا  كاری لەسەر بکەن.

لەوێ شتێکی دیکە کە سەرنجی هێژای راکێشاوە بریتیبووە لە رۆڵی گەنجانی دوو وڵاتی دوواکەوتوو. دەڵێ :"لای خۆمان فلیپیننی و بەنگلادیشی وەک کارکەر دەبینین، بەڵام لەوێ بینیمان کە دوو وڵاتە ئێستا خاوەنی چینێک گەنجی سەرکەوتوون ، ئاگاداری هەموو پرۆژەکانی یو ئێنن و چالاکانە بەشدارن، بە پێچەوانەی گەنجی کوردەوە کە زۆربەی بێبەشین لەو بەشدارییە".

هێژا داوا لە گەنجانی کورد دەکات نەبنە بەشێک لە ململانێی ناتەندروستی سیاسی کوردستان و پێکەوە بەشداری پرۆژەکان بکەن بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە و گەورە بیربکەنەوە.

لەو کلینکەوە ئێوەش دەتوانن بەشدار بن...

http://www.youthassembly.nyc/#overview-1

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە