پووتین دوای سەردانی سووریا و میسر گەیشتە تورکیا

11-12-2017
لهۆن نەسرەدین
نیشانەکردن پووتین
A+ A-

رووداو - ئەنقەرە

سەرۆکی رووسیا بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە تورکیا، ئەوەش دوای سەردانەکەی بۆ سووریا و میسر.

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا کۆدەبێتەوە، قەیرانەکانی سووریا و فەڵەستین و پەیوەندی ئابووری هەردوو وڵات پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکانیان دەبێت.

لە ئەمساڵدا ئەوە دوو سەرۆکە هەشت دیداری رووبەڕوویان ئەنجامداوە، کە ئەوە بووەتە جێی سەرنجی میدیاکان.

دوای کۆبوونەوەکەیان، ئەردۆغان و پووتین کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیان ئەنجامدا و باسیان لە پرسە تاوتوێکراوەکانیان کرد.

ئەردۆغان گوتی "پرسی سووریامان تاوتوێکرد. دەرفەتی گفتوگۆکردنمان لەبارەی لووتکەی سۆچی هەبوو کە بە درێژەی ئاستانە دادەنرێت. هەنگاوەکانی لەمەودوامان لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا تاوتوێدەکەین. هەروەها راوێژی ئەوەمان کرد کە دەتوانین چ جۆرە هەنگاوێک بنێین. وەکو گەرانتی ئەستانە، بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ سووریا، رۆڵی بەرچاو دەگێڕین. پەیوەندیی نزیکی تورکیا و رووسیا، بارتەقای ئەو سوودەی کە بە هەردوولای دەگەیەنێت، بۆ ناوچەکەیش گرنگ و مانادارە". 

تورکیا سەرباری ئەوەی ئەندامی ناتۆیە، بەڵام ئێستا لە پەیوەندییەکی باشدایە لەگەڵ رووسیادا، ئێستا پلانی ئەوە هەیە سیستەمی بەرگریی S-400 لە مۆسکۆ بکڕێت. 

لەبارەی کڕینی ئەو سیستەمە بەرگرییە لە رووسیا، ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پووتین گوتی ''لەبارەی سیستەمی S-400 لایەنی پەیوەندیدار کاری پێویستیان ئەنجامداوە. لەم هەفتەیەدا کۆدەبنەوە و کارەکە بە ئەنجام دەگەیەنن''.  

ئەو کۆبوونەوەیی پووتین و ئەردۆغان دەبێتە 10ـیەم دیداری رووبەڕوو لەدوای رووداوی خستنەخوارەوەی فڕۆکە رووسییەکە لەلایەن تورکیاوە.


رۆژی دووشەممە 11-12-2017 ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە سەردانێک چاوەڕواننەکراو گەیشتە سەربازگەی حومەیمیمی وڵاتەکەی لە شاری لازقیەی سووریا، لەوێش لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا و فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کۆبووەوە. پووتین رایگەیاند، داعش لە سووریا کۆتاییهاتووە و بەشێک لە هێزەکانی وڵاتەکەی لەو وڵاتە دەکشێنێتەوە.

دوای سووریا، پووتین گەیشتە قاهیرە پایتەختی میسر و لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

بەپێی نووسینگەی سەرۆکایەتی رووسیا رایگەیاند، پوتین و سیسی گفتوگۆی تایبەت بە دۆسیەی سیاسی و ئابوورییەکان ئەنجامدەدەن. 

بەگوێرەی بەرنامە کاری پووتین، بڕیارە هەردوولا تاووتوێی مەلەفە گەرمەکانی ناوچەکە بکەن تایبەت بە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقیادا.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە