پووتین بەمەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی پشتێن و رێگا گەیشتە چین

17-10-2023
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن ڤلادیمیر پووتین شەڕی ئیسرائیل و حەماس لووتکەی پشتێن و رێگا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بەمەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی "پشتێن و رێگا" ئەمڕۆ گەیشتە پەکینی پایتەختی چین و لەلایەن شی جین پینگ، سەرۆکی ئەو وڵاتە پێشوازیی لێکرا.
 
ئەو کۆڕبەندە لە رۆژەکانی 17 و 18ـی تشرینی یەکەم بەمەبەستی قسەکردن لەسەر دۆخی ئێستای ئیسرائیل و فەلەستین بەڕێوەدەچێت، وابڕیارە نوێنەری 130 وڵات ئامادەی بن. چین هیوادارە ئەو کۆڕبەندە یارمەتیدەر بێت لە بەرزکردنەوەی پێگەی خۆی وەک زلهێزێکی پێشەنگی جیهانی و دامرکاندنەوەی ئاگری شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس.
 
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا، کریملین لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "لەدوای شەڕی رووسیا و ئۆکراینا ئەوە یەکەمجارە پووتین سەردانی چین دەکات، بەنیازیشە لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا رۆژی چوارشەممە 18-10-2023 لەگەڵ سەرۆکی چین کۆببێتەوە.''
 
گوتیشی، "لەماوەی کۆڕبەندەکەدا سەرنج دەخرێتە سەر کێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان."
 
بەپێی لێدوانێکی پووتین کە بۆ میدیای فەرمی چینی داوە، "سەرۆک شی جین پینگ بەمن دەڵێت هاوڕێکەم، منیش ئەو بە هاوڕێی خۆم بانگ دەکەم."
 
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا سوپاسی چینی کرد بۆ بانگهێشتکردنی سەرۆکی رووسیا و گوتی، "دوای چین، سەرۆک پووتین سەردانی کۆریای باکوور دەکات."
 
رووسیا بەهێزترین هاوبەشی بازرگانیی چینە. ساڵی رابردووش بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی پەکین راگەیاند، "ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان چین و رووسیا گەیشتووەتە 190 ملیار دۆلار."
 
پەکین لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە رەخنەیەکی زۆری لێگیرا بەهۆی ئەوەی لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینادا بێلایەنی هەڵبژارد و تەنانەت سەرکۆنەی لەشکرکێشییەکەی رووسیاشی نەکرد.
 
بەپێی میدیای فەرمیی حکومەتی چین، "یەکەمین کۆبوونەوەی سەرۆکی چین لەگەڵ هەریەک لە گابرێیل بۆریک، سەرۆکی چیللی و قاسم جۆمارت تۆکایەڤ، سەرۆکی کازاخستان دەبێت."
 
رۆژی یەکشەممە 15-10-2023 ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین بە تەلەفۆن قسەیان کرد. بلینکن داوای لە چین کرد "کاریگەری" خۆی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە پیشان بدات.
 
چەند ساڵێکە چین پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئێراندا هەیە کە پاڵپشتیی لە حیزبوڵڵای لوبنان دەکات و ئەمریکا ترسی ئەوەی هەیە حیزبوڵڵا بەرەی دووەمی شەڕەکە بکاتەوە و ئێرانیش تێوەبگلێت.
 
بەپێی میدیای فەرمیی چین، ژای جون، نێردەی تایبەتی پەکین لەم هەفتەیەدا سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات بەمەبەستی ئاگربەست لە شەڕی ئیسرائیل و حەماسدا، بەڵام ئاماژە بەوە نەکراوە کە سەردانی کام وڵات دەکات.
 
رووسیاش کە پێشتر پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەردوو حکومەتەکانی فەلەستین و ئیسرائیل هەبووە، داوای "ئاگربەستی" بەپەلەی لە هەردوولا کرد.

 

مەهدی فەرەج، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە چین باسی وردەکارییەکانی لووتکەی پشتێن و رێگا دەکات:

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لافاو لە ناوچەیەکی ئەڵمانیا

لافاو بەشێکی ئەورووپای گرتووەتەوە

لافاو بەشێکی ئەورووپای گرتووەتەوە، لافاوەکە بە شێوەیەکە کە لە ئەڵمانیا بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن، 30 ساڵە لافاوی لەو شێوەیە رووینەداوە