پووتین و ئەردۆغان کۆدەبنەوە؛ باسی چی دەکەن؟

04-09-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن ئەردۆغان پووتین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ لەگەڵ ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆدەبێتەوە. ئەردۆغان بەو هیوایەیە پووتین رازی بکات بگەڕێتەوە نێو رێککەوتنی دەستپێشخەریی دەریای رەش، کە مۆسکۆ لە تەممووزەوە لێی کشاوەتەوە. 
 
کۆبوونەوەکە لە کوێ دەکرێت؟
 
دوای چەندین هەفتە لە پرسیار و گریمانە لە بارەی ئەوەی کەی و لە کوێ دەبێت، کۆبوونەوەکە لە شاری سۆچی لە باشووری رووسیا دەکرێت. 
 
ئەمەش لەکاتێکدا ئەردۆغان پێشتر رایگەیاندبوو، پووتین لە مانگی ئابدا سەردانی تورکیا دەکات. 
 
بۆچی رووسیا لە رێککەوتنەکە کشایەوە؟
 
شەش هەفتە لەمەوبەر، رووسیا رەتیکردەوە ئەو رێککەوتنە نوێ بکاتەوە کە تایبەت بوو بە کردنەوەی رێڕەو بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینی بەنێو دەریای رەشدا. رێککەوتنەکە بە نێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا لە تەممووزی 2022ـدا واژۆکرا و 33 ملیۆن تۆن گەنم و دانەوێڵە لە سایەیدا لە سێ بەندەری ئۆکرایناوە گەیێنرانە بازاڕەکانی جیهان. 
 
بەڵام رووسیا رایگەیاند، رێککەوتنێکی دیکە کە بۆ لابردنی بەربەست لە بەردەم هەناردەی بەرهەمی خۆراک و پەینی رووسی کراوە و جێبەجێنەکراوە، بۆیە ئەویش لە رێککەوتنی دەستپێشخەریی دەریای رەش دەکشێتەوە. 
 
مۆسکۆ دەڵێت، کۆتوبەندی سەر گواستنەوە، بوونەتە لەمپەر بۆ بازرگانیی کشتوکاڵەکەی. 
 
بۆچی تورکیا نێوەندگیری دەکات؟
 
لەو کاتەوەی رووسیا لە رێککەوتنەکە کشاوەتەوە، ئەردۆغان چەندین جار بەڵێنی داوە نەوەستێت تاوەکو رێککەوتنەکە نوێ دەکرێتەوە؛ رێککەوتنێک کە یارمەتیدەر بوو لە رێگریکردن لە دروستبوونی قەیرانی خۆراک لە چەند ناوچەیەکی ئەفریقا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیا. 
 
رووسیا و ئۆکراینا هەناردەکاری سەرەکیی گەنم، جۆ، رۆنی گوڵەبەڕۆژە و بەرهەمەکانی دیکەن کە وڵاتانی تازە گەشەسەندوو پشتیان پێ دەبەستن. 
 
لە 18 مانگی رابردووی شەڕی ئۆکراینادا، لە کاتێکدا وڵاتانی رۆژئاوا هەوڵی پەراوێزخستن و دابڕاندنی رووسیایان لە جیهان داوە، سەرۆکی تورکیا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ پووتیندا هێشتووەتەوە. تورکیا نەک هیچ سزایەکی بەسەر رووسیادا نەسەپاندووە، بەڵکو بووەتە هاوبەشێکی سەرەکیی بازرگانی و ناوەندێکی لۆجستی بۆ بازرگانیی رووسی. 
 
بەڵام تورکیا وەک ئەندامێکی ناتۆ، لە هەمان کاتدا، بە ناردنی چەک، کۆبوونەوە لەگەڵ ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و پشتیوانیکردنی بەئەندامبوونی ئەو وڵاتە لە ناتۆ، پاڵپشتی لە کیێڤ کردووە. 
 
پەیوەندییەکانی تورکیا و رووسیا هەمیشە بەم شێوەیە گەش نەبوون
 
ئەردۆغان لە تەممووزی ئەمساڵدا مۆسکۆی توڕەکرد، کاتێک رێگەی بە پێنج فەرماندەی ئۆکراینی دا بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان. ئەو فەرماندانە لە لایەن رووسیاوە بە دیل گیرابوون و رادەستی تورکیا کرابوون بەو مەرجەی تاوەکو جەنگ کۆتایی دێت، لەوێ بمێننەوە. 
 
دەگوترێت پووتین و ئەردۆغان، کە هەر یەکیان ماوەی زیاتر لە دوو دەیەیە لە دەسەڵاتدایە، پەیوەندییەکی کەسیی نزیکیان لەگەڵ یەکدیدا هەیە. پەیوەندییەکە دوای ئەوە بەهێزبوو، کە ساڵی 2016 لە کاتی کودەتا شکستخواردووەکەی تورکیا، پووتین یەکەم سەرکردەی دیاری جیهان بوو پشتیوانیی خۆی بۆ ئەردۆغان دەربڕی.
 
لە ساڵانی دواتردا، تورکیا و رووسیا کە لە مێژوودا دوو رکابەری یەکدی بوون، زیاتر لە یەکدی نزیکبوونەوە، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بازرگانیی نێوانیان و دەستپێکردنی پڕۆژەی هاوبەشی وەک بۆریی گازی تورکستریم و دامەزراندنی یەکەمین وێستگەی ئەتۆمیی بەرهەمهێنانی کارەبای تورکیا. 
 
ئەنقەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ، زوو زوو هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی لە خۆی تۆراندووە. ساڵی 2019، کڕینی سیستمی بەرگریی ئێس 400ـی رووسی لە لایەن ئەنقەرەوە وایکرد واشنتن، تورکیا لە پڕۆگرامی پەرەپێدانی فڕۆکەی ئێف 35 بکاتەدەرەوە. 
 
پەیوەندییەکانی رووسیا و تورکیا لە بوارەکانی وەک وزە، بەرگری، دیپلۆماسی، گەشتیاری و بازرگانی گەشەیان سەندووە، وێڕای ئەوەی ململانێکانی سووریا، لیبیا و ناگۆرنۆ قەرەباخ پشتیوانی لە دووبەرەی دژبەر دەکەن. 
 
لەو کاتەوەی ئەردۆغان لە ئایاری ئەمساڵدا دووبارە بە سەرۆککۆمار هەڵبژێردراوەتەوە، پووتین رووبەڕووی چەند ئاڵنگاڕیێکی نێوخۆیی بووەتەوە کە رەنگە وای لێ بکەن وەک هاوبەشێکی جێگەی متمانەپێکردنی کەمتر دیاربێت، دیارترین کێشەشی کودەتا تەمەن کورتەکەی ڤاگنەر بوو لە حوزەیران. 
 
رووسیا داوای چی دەکات؟
 
لووتکەکەی سۆچی دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و تورکیا دێت کە رۆژی پێنجشەممە بەڕێوەچوو و تێیدا رووسیا لیستێک داواکاریی خستەڕوو کە پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا جێبەجێیان بکەن تاوەکو مۆسکۆش بگەڕێتەوە نێو رێککەوتنی دەستپێشخەریی دەریای رەش. 
 
ئەردۆغان هاوسۆزیی خۆی بۆ هەڵوێستی پووتین راگەیاندووە. مانگی تەممووز، ئەردۆغان گوتی، پووتین سەبارەت بە رێککەوتنەکە "ژمارەیەک شت لە وڵاتانی رۆژئاوا چاوەڕوان دەکات و گرنگە کە ئەو وڵاتانەش بۆ ئەو مەبەستە هەنگاو بنێن."
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەیەک پێشنیازی بۆ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا نارد بە ئامانجی گەیاندنی هەناردەی رووسی بە بازاڕەکانی جیهان، بەڵام لاڤرۆڤ گوتی، مۆسکۆ پێیوایە ئەو پێشنیازانە وەکو پێویست باش نین. 
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بارەی هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ نوێکردنەوەی رێککەوتنەکە گوتی، "پڕۆسەیەکە بۆ زیاتر تێگەیشتن لە هەڵوێست و داواکارییەکانی تورکیا و جێبەجێکردنیان."
 
هەروەها باسی لەوە کرد، لە لووتکەی نێوان پووتین و ئەردۆغاندا باس لە ژمارەیەک پرس دەکرێت، لەوانەش پرسی گواستنەوەی دارایی.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لافاو لە ناوچەیەکی ئەڵمانیا

لافاو بەشێکی ئەورووپای گرتووەتەوە

لافاو بەشێکی ئەورووپای گرتووەتەوە، لافاوەکە بە شێوەیەکە کە لە ئەڵمانیا بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن، 30 ساڵە لافاوی لەو شێوەیە رووینەداوە