د. محەممەد ئیحسان: مەبەستی پووتین ئەوە بوو 'چارەسەر' بۆ کێشەی کورد زۆرە

06-10-2023
محەممەد عامر
نیشانەکردن ڤلادیمیر پووتین ڤالدای
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

د. محەممەد ئیحسان، مامۆستای زانکۆی لەندەن، دەڵێت، ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، جدی و راشکاوانە لەبارەی کورد وەڵامی پرسیارەکانی داوەتەوە. دەشڵێت، مەبەستی پووتین ئەوە بوو 'چارەسەر' بۆ کێشەی کورد زۆرە و رووسیا تێدەگات، بەبێ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەقامگیری لە عێراق دروست نابێت. 
 
د. محەممەد ئیحسان، مامۆستای زانکۆی لەندەن و وەزیری پێشووتری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، وەکو یەکێک لە بەشدارانی کۆڕبەندی ساڵانەی ڤاڵدای، کە ئەمساڵ لە شاری سووچی رووسیا بەڕێوەچوو، دوو پرسیاری لەبارەی دۆسیەی کورد ئاراستەی پووتین کرد و لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە فوئاد رەحیم و جەعفەر موبەشیرنا پێشکێشیان کرد، دیدگای مۆسکۆی بەرامبەر عێراق و هەرێمی کوردستان خستەڕوو. 
 
د. محەممەد ئیحسان، دەڵێت: "رووسیا پەیوەندییەکی مێژوویی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە، وەبەرهێنانیان لە بواری جیادا لە ناوچەکە بەردەوامە، بەڵام ئێستا کە مۆسکۆ هەست بە کشانەوەیەکی ئەمریکی لە ناوچەکە دەکات، دەیەوێت رۆڵێکی جدیتری لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەبێت."
 
ئەو مامۆستایەی زانکۆ کە لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، لەگەڵ پرسی کورد لە ناکۆکییەکانی سووریا و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، پرسیاری لە پووتین کردووە، دەڵێت: "دەرفەتێکی گرنگ بوو، تاوەکو راستەوخۆ لە دەمی پووتینەوە دیدگەی رووسیا لەبارەی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بزانین، هەستم کرد جدی و راشکاوانە وەڵامی پرسیارەکانمی دایەوە، هەروەها مەبەستی پووتین ئەوە بوو 'چارەسەر' بۆ کێشەی کورد زۆرە."
 
د. محەممەد ئیحسان، لەبارەی رێگەی گەشەپێدان کە عێراق دەیەوێت لە نێوان وڵاتەکەی و تورکیا دروستی بکات، رایگەیاند، رووسیا مەبەستییەتی بەشێکی گرنگی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بێت و رووسیا پلانی خۆی بۆ ئەم رێگەیە هەیە.
 
رێگەی گەشەپێدان کە بە رێگەی بووژانەوە ناسراوە، درێژییەکەی هەزار و 200 کیلۆمەترە و لە بەسرەوە دەستپێدەکات تاوەکو سنووری تورکیا، 17 ملیار دۆلاری تێدەچێت کە 10 ملیار و 600 ملیۆن دۆلاری بۆ کڕینی شەمەندەفەری خێرا و شەش ملیار و 500 ملیۆن دۆلاریش بۆ دروستکردنی هێڵی ئاسنینە.
 
د. محەممەد ئیحسان، لەبارەی پرسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە قۆرخکردنی کیانێک لە رۆژئاوا ئەگەر هەڕەشە بێت بۆ سەر تورکیا، ئەوە وادەکات ئەنقەرە بەردەوام بێت لە بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنەکانی، کە دواجار کوردی رۆژئاوای کوردستان زیانی بەردەکەوێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەفتەیەکە زیلینکسی سەرقاڵی گەشتکردنە بەنێو وڵاتانی ئەورووپادا

وڵاتانی رۆژئاوا ناکۆکن لەبارەی گواستنەوەی جەنگ بۆ نێو رووسیا و پووتین هەڕەشە دەکات

وڵاتانی ئەورووپا و ئەندامانی ناتۆ لە برۆکسل کۆبوونەوە. مژاری کۆبوونەوەکەیان چڕکردنەوەی هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتانی رۆژئاوایە بۆ ئۆکراینا و شێوازی وەڵامدانەوەی ‌هێرشەکانی رووسیا.