لە شەنگالەوە تا کەمپی خانکە
لە شەنگالەوە تا کەمپی خانکە
کاتێک سەفەری نێو کەمپەکەم کرد بۆ ئامادەکردنی ئەم دۆکۆمێنتەرییە، هێزێکی زۆرم بینی لە نێو ئێزدییەکاندا، زۆر تاوانیان بەرامبەر کرابوو، بەڵام ئیرادەیەکی زۆر بەهێزیان هەبوو، هەموویان دەیانویست قسە بکەن و ئەوەی بەسەریان هاتووە، بە جیهانی پێشان بدەن. ئێمە وەکو تیمێکی (رووداو) لە دۆکۆمێنتارییەکەدا ژیان و کارەساتی ئێزدییەکانمان لەسەر دەستی هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە "داعش" ئامادەکرد.
لە کەمپی ئاوارە ئێزدییەکان دیمەنی ژیانێکی زۆر زەحمەت دەبینرا، هەموو چیرۆکەکانیان کوشتنی پیاوان و فرۆشتن و دەستدرێژیکردنە سەر کچەکانیان بوو. لە برسا مردنی منداڵان بوو لەسەر چیای شنگال. لەگەل ئەوەشدا ئارەزووی ئەوەیان دەکرد رۆژێک بگەڕێنەوە شنگال و تەرمەکانیان بنێژن. بە پێی گێڕانەوەی مێژوو کورد گەورەترین میللەتە، کە زۆرترین تاوان و کۆمەڵکوژی لە دژدا ئەنجامدراوە، لە نێویشیاندا زۆرترین قڕکردن رووبەڕووی ئێزدییەکان ئەنجامدراوە، کە هەندێکیان دەڵێن ٧٣ و هەندێکیشیان دەڵێن ٧٤ فەرمان دژی ئێزدییەکان ئەنجام دراوە.