رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت بە دابەزینی ساڵانەی 20٪ کۆتایی بە 2025 هێنا، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی خستنەڕوو لە بازاڕەکان و کاریگەریی ئەو جەنگ و سزایانەی بەرۆکی وڵاتانی بەرهەمهێنەریان گرتبوو.
لە کۆتا رۆژی بازاڕەکاندا لە 2025، نرخی نەوتی برێنت 48 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 60.85 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسیش 13 سەنت دابەزی و بە 57.40 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
لە یەکەمین رۆژی کرانەوەی بازاڕەکان لە 2025، بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 75.12 دۆلار و نەوتی تەکساسیش بە 71.77 دۆلار بوون.
بەم پێیە، لە ساڵی 2025ـدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت 14.27 دۆلار و، نەوتی تەکساسیش 14.3 دۆلار دابەزیون.
ئەمە بەرزترین ئاستی دابەزینی ساڵانەی نرخی نەوتە لەدوای ساڵی 2020ـەوە.
شارەزایانی ئابووری و بازاڕی وزە، هۆکاری ئەم پاشەکشە گەورەیەی نرخ بۆ چەند خاڵێکی سەرەکی دەگێڕنەوە؛ لەوانە، زیادبوونی بەرهەمهێنان لە لایەن وڵاتانی ئۆپێک پڵەس، بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا بۆ ئاستێکی پێوانەیی لە مانگی تشرینی یەکەمدا و کاریگەریی پێناسە گومرگییەکان و مەترسییەکانی پاشەکشەی گەشەی ئابووری جیهان.
ساڵی 2025 ساڵێکی پڕ لە هەوراز و نشێو بوو بۆ کەرتی وزە. لە سەرەتای ساڵدا سزاکانی ئەمریکا لەسەر کەرتی وزەی رووسیا بازاڕەکەی هەژاند. دواتر جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە مانگی حوزەیراندا مەترسی لەسەر گەرووی هورمز دروستکرد و نرخەکانی بەرزکردەوە.
بەڵام لە کۆتایی ساڵدا، گرژییەکانی نێوان سعودیە و ئیمارات لەسەر دۆسیەی یەمەن و هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ گەمارۆدانی نەوتی ڤەنزوێلا، دیمەنەکەیان گۆڕی.
بانکی (BNP Paribas) پێشبینی دەکات لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـدا نرخی نەوتی برێنت بۆ 55 دۆلار دابەزێت، بەڵام دواتر لە دەوروبەری 60 دۆلار جێگیر ببێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە و بانکی گۆڵدمان ساکس هاوڕان لەسەر ئەوەی لە ساڵی نوێدا بڕی نەوتی خستنەڕوو زۆر زیاتر دەبێت لەو خواستەی کە لەسەر نەوت هەیە، ئەمەش گوشارێکی زیاتر دەخاتە سەر نرخەکان.
بانکی مۆرگان ستانلیش دەڵێت: "ئەگەر نرخەکان زیاتر دابەزن و بگەنە ئاستی 50 دۆلار، ئەوا پێشبینی دەکرێت ئۆپێک پڵەس دەست بکات بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان بۆ راگرتنی هاوسەنگی بازاڕ."
بڕیارە ڕۆژی 4ـی ئەم مانگە وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک پڵەس کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی سیاسەتی نوێی بەرهەمهێنان، کە چاوەکان هەمووی لەسەر ئەو کۆبوونەوەیەیە بۆ دیاریکردنی ئاراستەی نرخەکان لە ساڵی نوێدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ