رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق خەرجکردن و دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی بۆ مانگی شوبات راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 01-02-2024، مووچەی خانەنشینی مەدەنی و سەربازی بۆ مانگی شوباتی 2024 خەرجکراوە. دەستەی خانەنشینی نیشتمانی، بانکەکانی رافیدەین و رەشید رێکارەکان تەواو دەکەن لە رێگەی پێدانی مووچەی خانەنشینی بە کارتی ئەلیکترۆنی.
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، خانەنشینی مەدەنی و سەربازی کە بە نامە پەیوەندییان پێوەکراوە، دەتوانن سەردانی لقەکانی ئەو بانکانە، یاخود ئامێرەکانی ئەی تی ئێم بکەن لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان.
ئەوە لەکاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان مووچەی سێ مانگی ساڵی رابردوو نەدرا، سبەیش دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2024 دەکرێت.
رۆژی 18ی کانوونی دووەمی 2024، د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژمارەی مووچەخۆران لە عێراق بە فەرمانبەرانی هەمیشەیی، گرێبەست، خانەنشین و چاودێریی کۆمەڵایەتی، شەهیدان، زیندانی سیاسی، شوێن بزربوو گەیشتووەتە 10 ملیۆن کەس.
بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 کە لە ژمارەی 4726ـی رۆژی 26-06-2023ـی رۆژنامەی فەرمیی وەقائعی عێراقی بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی عێراق چوار ملیۆن و 74 هەزار و 697 کەسە؛ ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بە 658 هەزار و 189 فەرمانبەر دیاریکراوە. لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 251 هەزار و 451 مووچەخۆری هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ