رووداو دیجیتاڵ
پێکدادانی سەربازی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە ئێستا پێی ناوەتە پێنجەم هەفتەیەوە، رەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی 3.7% بۆ 6%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە، کە زیانەکەی بە 120 بۆ 194 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
هەژاری و بێکاری؛ لێکەوتە مەترسیدارەکان
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی نوێی بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، ئەم جەنگە دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری بە نزیکەی 4%، ئەمەش بە واتای لەدەستدانی 3.6 ملیۆن هەلی کار دێ؛ ژمارەیەک کە لە تەواوی ئەو هەلی کارانە زیاترە کە لە ساڵی 2025دا لە ناوچەکەدا رەخسێندرابوون. ئەم پاشەکشە ئابوورییە نزیکەی چوار ملیۆن کەسی دیکە بەرەو هەژاری پاڵ پێوە دەنێت.
لێکۆڵینەوەکە بە ناوی "پەرەسەندنی سەربازی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست: لێکەوتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بۆ وڵاتانی عەرەبی" ئاماژە بەوە دەکات کە مەترسییە ئەمنییە دەریاییەکان و هێرشکردنە سەر کەشتییە نەوتییەکان، چالاکییە کەشتیوانییەکانی لەنێو تەنگەی هورمزدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە، کە هێشتا وەک هەستیارترین ڕێڕەوی وزەی جیهان ماوەتەوە.
زیانەکان لە وڵاتانی ناوچەکە
پێشبینییەکان دەریدەخەن کە وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو تووشی پاشەکشەی ئابووری دەبن و کۆی بەرهەمی نێوخۆییان لەنێوان 5.2% بۆ 8.5% دابەزێت.
بەڵام وڵاتانی عێراق، لوبنان، ئوردن و سووریا لە هەموو سیناریۆکاندا زیانی گەورەی ئابوورییان بەردەکەوێ. پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ناوخۆیی ئەم وڵاتانە لەنێوان 5.2% بۆ 8.7% پاشەکشە بکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی 2.8 بۆ 3.3 ملیۆن کەسی دیکە لەم وڵاتانەدا بکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە.
پاشەکشەی گەشەپێدانی مرۆیی
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە پێوەرەکانی گەشەپێدانی مرۆیی لە ناوچەکەدا پاشەکشە دەکەن، کە ئەمەش یەکسانە بە لەدەستدانی نیو ساڵ بۆ یەک ساڵ لەو پێشکەوتنانەی لە بواری مرۆیی بەدەستهاتبوون.
ئەم کاریگەرییانە لە وڵاتانی وەک عێراق و لوبنان زۆرترین دەبن و گەشەپێدانی مرۆیی ساڵێک بۆ ساڵ و نیوێک بۆ دواوە دەگەڕێننەوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکە، ئەم جەنگە لێکەوتەی قورسی بۆ سەر دۆخی دارایی و نەختینەیی ناوچەکە دەبێت، بۆیە رەنگە بانکە ناوەندییەکان ناچار بن سوودی بانکی بەرز بکەنەوە و دەستوەردان لە بازاڕەکانی دراوی بیانی بکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان و دابینکردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ بانکەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ